حەیدەر عەبادی گەیشتە سلێمانی

:: PM:11:09:25/04/2018 ‌

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ ئەمشەو حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتووەتە شاری سلێمانی بە مەبەستی دەست پێكردنی بانگشەی هەڵبژاردن بۆ لیستەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە لە 12ی ئایاری داهاتوو بەڕێوە دەچێت.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری داهاتوو لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە دێتە سازكردن كە تیایدا زیاتر لە 24 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە و زیاتر لە شەش هەزار كاندید كێبەركێ بۆ بەدەستهێنانی 328 كورسی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ عەبادی لە سلێمانی دەست بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستەكەی (نەسڕ) دەكات كە لەو پارێزگایەدا نۆ كاندیدی هەیە لە چوارچێوەی ئەو 18 كورسییەی بۆ پارێزگای سلێمانی بۆ پەرلەمانی عێراق تەرخان كراوە، و بڕیارە عەبادی بانگەشەكە لە هوتێل گراند میلینیۆم لە سلێمانی دەست پێ بكات. 

ئەو سەردانەی عەبادی دوای سەردانەكەی بۆ شاری مووسڵ هات بۆ هەمان مەبەست بۆ بانگەشەكردن بۆ لیستەكەی، جیا لەوە بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە عەبادی سبەی پێنجشەم سەردانی هەولێر و دواتر دهۆك بكات بۆ دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لیستەكەی.  

سەرچاوە شەفەق نیوز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل