بایرن میونشن ئاڵای تۆڵە كردنەوە لە ریال مەدرید هەڵ دەكا
كاپتنی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئاڵای تۆڵەكردنەوەی لە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هەڵ كرد لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.
شەوی رابردوو یانەی بایرن میونشن لەنێو یاریگەی ئەلیانز ئەرینا لە یاریی چوونی قۆناغی پێش كۆتای خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دۆڕا، یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانەكەش رۆژی سێەمی هەفتەی داهاتوو دەبێت لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا.
تۆماس موولەری كاپتن و هێرشبەری یانەی بایرن میونشن لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئەڵمانی رایگەیاند: ئاڵای تۆڵەكردنەوە بەرامبەر یانەی ریال مەدرید لە یاریی گەڕانەوە هەڵ دەكەین، جەختیشی كردەوە یانەكەی هەرگیز خۆ بەدەستەوە نادات و لە یاریی گەڕانەوەدا سەركەوتن بەدەست دەهێنن.
زیاتر گوتی: هەڵەی زۆرمان لە یارییەكەدا ئەنجام دا و رێگەمان بۆ یاریزانانی یانەی ریال مەدرید خۆش كرد 2 گۆڵ تۆمار بكەن.
موولەر هەروەها گوتی: یارییەكە بۆ هەردوو یانەكە زەحمەت بوو، ئێستاش هەلی بردنەوەمان لە یاریی گەڕانەوەدا لەدەست نەداوە و پێویستە لە یاری گەڕانەوەدا بۆ سەركەوتن یاریی بكەین.
جەختیشی كردەوە كە یانەكەی بەهۆی پێكانەكانی رۆبن و بواتینگەوە لە یارییەكەدا گورزی گەورەی پێ كەوت و هەرچەندە یاریزانە یەدەگەكان ئاستێكی ناوازەیان پێشكەش كرد، بەڵام چۆڵی شوێنی یاریزانە سەرەكییەكان بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرا.
لە كۆتاییدا كاپتنەكەی یانەی بایرن میونشن رایگەیاند كە لە یاریی چوونی وەرزی رابردوو بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ سەركەوتنیان بەدەستهێنابوو، بەڵام بۆ یاریی هەفتەی داهاتوو پێویستە هەڵە تاكییەكان چارەسەر بكەین و بە هزری سەركەوتن بێینە ناو یاریگە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم