لێدوانێكی ماكرۆن نرخی نەوتی هەڵكشاند

:: AM:09:49:26/04/2018 ‌

دوێنێ چوارشەم  لە سەرلەبەیانییەوە نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە دابەزین كرد، بەڵام لە ئێوارەدا بەرز بووەوە و ئەم بەرزبوونەوەیەش تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە بەردەوامە.

گرنگترین هۆكار لە 24 سەعاتی رابردوودا كە وای كردووە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە، سەردانی سەرۆكی فڕەنسا بۆ ئەمەریكا و ئاشكراكردنی هەندێك زانیارییە لە لایەن ئیمانوێل ماكرۆن كە ئەگەری كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی زیاتر دەكات. ئەو لە وتارێكدا لە ئەمەریكا گوتبووی پێشبینی دەكات ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی بكشێتەوە.

ئیمانوێل ماكرۆن خۆشی بە توندی دژی ئێران قسەی كرد و گوتی نابێت رێ بە ئێران بدرێت بەم  شێوەیە دەست بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت.

 دوێنێ لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی نەوتی كۆگاكانی ئەمەریكا و پەرەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە، نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردبوو. لە هەفتەی رابردوودا بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا ملیۆنێك و 100 هەزار بەرمیل زیادی كرد و گەیشتە 429 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل.

بەگوێرەی dailyfx سەرەتای ئەم هەفتەیەی بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت تا 75 دۆلار و 50 سەنت بەرز بووەوە. دوێنێ چوارشەم تا 73 دۆلار و 22 سەنت دابەزی و ئێستەش هەر بەرمیلێكی بە 74 دۆلار و 41 سەنت دەفرۆشرێت. 

هاوكات CNBC بڵاوی كردەوە پێشبینی دەكرێ ئەگەر دۆناڵد ترەمپ لە رێككەوتنی ناوكی بكشێتەوە، ئەوا نرخی نەوت 10 دۆلاری تر بەرز ببێتەوە. بڕیارە تا 12ی  ئایار دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دوایین بڕیاری خۆی لەبارەی هەڵوەشانەوە یان بەردەوامی رێككەوتنی ناوكیی لەگەڵ ئێران بدات و بازاڕیش لە ژێر كاریگەری ئەم دۆخە رووی لە بەرزبوونەوە كردووە. ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا هەر بۆ ئەو مەبەستە چووەتە ئەمەریكا و دەیانەوێت میكانیزمێك بۆ چارەسەری كێشەی ناوكیی بدۆزنەوە. فڕەنسا پێی باش نییە ترەمپ لەو رێككەوتنە بكشێتەوە.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بە قازانجی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە و ئەوان كە لە چوار ساڵی رابردوودا بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت تووشی تەنگژەی دارایی بوون، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو تەنگژەیان لە كۆڵ دەكاتەوە، هەرچەند بە بۆچوونی پسپۆڕانی بازاڕ ئەگەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت كاریگەری باشی بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی نەوتی ئەو وڵاتانە هەبێت، ئەوا لە داهاتوودا زیانی تریان پێ دەگەیەنێت، ئەوان كە دەستیان بە چاكسازی ئابووری و كارگێڕی كردووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەم هەنگاوە ساردیان دەكاتەوە.

یەكێك لەو ناوچانەی كە دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری خراپی خستەسەری هەرێمی كوردستان بوو و ئەو هەرێمە كە بۆ یەكەم جار دەستی بە فرۆشتنی نەوتەكەی كرد، دابەزینی نرخی نەوت رێگر بوو لە بەردەم ئەو هەرێمە نەتوانێت لە كاتی بڕیاردانی سەربەخۆیی ئابووری بە تەواوی لەسەر پێی خۆی بوەستێت و مووچەی فەرمانبەرەكانی لە كاتی خۆیدا دابین بكات. 

ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كاریگەریی گرنگی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، ئەو رێككەوتنانە بووە كە لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژوو كراون.

گرنگترین رێككەوتن لە كۆتای 2016 واژوو كرا و دوای شەش مانگ لە ساڵی 2017ەش رێككەوتنەكە درێژ كرایەوە. پێشتر وڵاتان بە لێشاو نەوتیان دەخستە بازاڕەوە، لە كاتێكدا بازاڕ پێویستی بەو بڕە زۆرەی نەوت نەبوو و كاتێكیش ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرزتر بوو لە ئاستی داخوازی، ئەوا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد. نرخی نەوت لە كۆتای ساڵی 2015 گەیشتە 27 دۆلار كە لەو كاتەدا هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە خوارووی 20 دۆلار نەوتەكانیان ساغ دەكردەوە و ئەمەش كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتانە دانا.

لەو ماوەیەدا سەرەرای ئەوەی كە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بەڵام وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك بۆ جاری سێیەم باس لە درێژكردنەوەی رێككەوتنەكانیان دەكەن. ئەوان هەینی رابردوو لە كۆبوونەوەیاندا بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بازاڕی نەوت هەبوو. ئەلكساندر نۆڤاك وەزیری وزەی رووسیا ئاماژەی بەوە كردبوو كە لەوانەیە پێویست نەكات رێككەوتنەكەیان بۆ سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت و دەكرێت تەنیا ئەمساڵ كاری پێ بكرێت. 

وڵاتی تر هەبوو چاوی لەوە بوو نرخی نەوت تا دەگاتە 100 دۆلار، پلانەكەیان درێژەی هەبێت و وڵاتی واش هەبوو پێداگری لەوە دەكرد نەوت لە نرخێك جێگیر بكرێت، باشترە لەوەی بەم شێوەیە بەرز بكرێتەوە، چونكە لە داهاتوودا زیان بە بەرهەمهێنەرانی نەوتی ئۆپێك دەگات. ئاخر ئەمەریكا لە كاتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پەرەی زیاتر بە نەوتی لیتەیی دەدات و جڵەوی بازاڕی نەوت بەدەستەوە دەگرێت.





وشە - سلێمان تاشان