حەشد لەت لەت دەبێ..بەشێك واز لە ئێران دێنن و چوونەتە پاڵ مەرجەعیەتەوە

:: AM:10:16:26/04/2018 ‌


لەگەڵ نزیكتر بوونەوەی وادەی هەڵبژاردن، ناكۆكییەكانی ناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی زیاتر دەردەكەون و رووبەڕووی دابەشبوونی دەكات. بەشێك لە سەركردەكانی حەشد هەڵوێستی سیاسیی خۆیان راگەیاند و پشت لە ئێران دەكەن و خۆیان بە مەرجەعیەتی نەجەف دەبەستنەوە.

ناكۆكی و دابەشبوونی ناو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سەركردەكانی هیچ كات شاراوە نەبووە، بەم دوایییانەش لە بەیاننامە و لێدوانی بەشێك لە سەركردەكانیان ئەمە بەڕوونی هەستی پێ دەكرا، تەنانەت جووڵە پێكردنی میلیشیا چەكدارەكانیشیان. حەشد دابەشی سەر دوو بەرە بووە، بەرەی ئێرانی كە بڕیار لە قەرارگە وەردەگرێت و لایەنی بەهێزی ناو حەشدە، بەرەی عێراقی كە پابەندە بەبڕیاری حكوومەتی عێراق و خۆی بە مەرجەعیەتی نەجەف و سیستانی دەبەستێتەوە.

گرووپە میلیشیاكانی حەشد، لەرووی ئاینییەوە دابەشی سەر چەندان مەرجەعیەت دەبنەوە و بەشی زۆریان خۆیان "ویلایەتی فیقهی" و عەلی خامەنەیی وەك رێبەری باڵا لێی دەڕوانن و لەلایەن ئەویشەوە پشتگیری سیاسی و سەربازی و كۆمەكی دارایی دەكرێن، هاوكات هەندێك گرووپی تریان عەلی سیستانی وەك مەرجەعی خۆیان دەزانن و بەشێكیش محەمەد سادق ئەلسەدر و محەمەد یەعقووبی بە مەرجەع دەزانن.

زۆرینەی گرووپە میلیشیاكانی حەشد كە ژمارەیان زیاتر لە 50 گرووپ دەبێت، وەلائیان بۆ ئێران هەیە، دیارترینیان ئەبو مەهدی موهەندیس و هادی عامری و قەیس خەزعەلی و ئوس خەفاجی و ئەكرەم كەعبی، ئەوانە جگە لە وەلائیان بۆ ئێرانە و پشتگیریش لەرژێمی سووریا دەكەن، ئەوا دژایەتییەكی روونی حەیدەر عەبادیش دەكەن و بەبەردەوام دژی بڕیار و رێنوێنییەكانی حكوومەتی عێراقی دەجووڵێنەوە، بەتایبەت لە پرسی كشانەوەیان لە شارەكاندا.

ئەو گرووپە گرتووخانەی تایبەت بەخۆیان هەیە و زۆرینەی ئەوانەشی تێیدا بەند كراون لەسەر بنەمای مەزەوی بووە و هەر لە رۆژی دروستبوونییەوە بە بەردەوام توندوتیژی تایفی دژ بە پێكهاتەكانی تر ئەنجام دەدەن.

هەرچی باڵە لاوازەكەی تری ناو حەشد هەیە كە بەهێڵی عێراقی ناسراوە، رێكخراوترن، زۆرینەشیان سەر بە سیستانی یان موقتەدا سەدرە. دیارترین سەركردەكانی ئەو هێڵە، مەیسەم ئەلزەیدی، شێخ عەلی حەمدانی، شێخ ئەبو دوعای ئەلعیساوی، شێخ حوسێن ئەلساعدی و سەید فازڵ مەكسوسی و زۆرێكی تریان.

سەرچاوەیەكی نزیك لە میلیشیاكانی حەشد ئاشكرای دەكات كە دوو ناكۆكی و ململانێ لەناو حەشد بوونی هەیە، یەكیان ناكۆكییەكانی خۆیان لە نێوان وەلائیان بۆ ئێران یان بۆ عێراق، ئەوەی تریش دژایەتیكردنی عەبادییە.

لەبارەی ناكۆكییە ناوخۆیییەكانیان، بەرپرسێكی نووسینگەی راگەیاندنی یەكێك لە گرووپەكان كە نەجەف بە مەرجەع دەزانن، دەڵێ ئێران دەیەوێت ئەوەی لە لبنان ئەنجامی داوە لە عێراقیش دووبارەی بكاتەوە، ئەمەش وایكردووە بەشێكی زۆر لە گرووپەكان بڕیارەكانی عێراقی رەت بكەنەوە و زیاتر خواست و ئەجێندای ئێران جێبەجێ دەكەن، بەڵام گرووپ هەن رێز لە بڕیارەكانی عێراقی دەگرن، چونكە كەربەلا و نەجەف بە مەرجەعی خۆیان دەزانن.

ناكۆكییەكانی ناو حەشد لەو كاتەدا زیاتر تەقینەوە كە هەفتەی رابردوو نزیكەی 150 كەسێكیان خۆپیشاندانی دژی حكوومەتی عێراق ئەنجام دا و داوای خەرجكردنی مووچەكانیان كرد، بۆ رۆژی دواتریش چوونە بەردەم وەزارەتی پلاندانان و عەبادییان تۆمەتبار دەكرد بە پشتگوێخستنی حەشد. هێزەكانی پاراستنی ناوچەی سەوز دژیان وەستانەوە و سێ كەسیان لێ گرتن، گرووپەكانی فرقەی عەباس و سەرایا سەلام و ئیمام عەلی و میلیشیای تر خۆیان لێ بەریكرد، بەڵام گرووپەكانی سەر بە ئێران دژی حكوومەت وەستانەوە.

هەندێك بەرپرس دەڵێن ئەوەی رووی دا خۆپیشاندان نەبوو، بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ بەگژداچوونەوەی عەبادی كە بەگوێرەی هەندێك زانیاری دزە پێكراو، ئاشكرا بووە كە ئێران دژی خولی دووەمی عەبادییە، بۆیە خۆپیشاندانەكە دەستی ئێرانی لە پشتەوە بووە بۆ ئەوەی وا نیشان بدرێت كە عەبادی كەمتەرخەم بووە لەگەڵ ماڵباتی شەهیدان و بریندارانی حەشد.

دوای تێپەڕبوونی 24 سەعات، عەسائیب ئەهلی حەق كە گرووپێكی سەر بە ئێرانە، لە بەیاننامەیەكدا پشتگیری لە خۆپیشاندەران كرد، بەڵام فرقەی عەباس كە نەجەف بە مەرجەعیەت دەزانێت رای گەیاند، هەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت مافەكانی حەشد بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار بهێنن و رایان گەیاند، بەشداری لەو خۆپیشاندانانە ناكەن. هاوكات موقتەدا سەدریش لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەدا هەندێك لایەن هەن دەیانەوێت ناوی حەشد بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەكار بهێنن، گوتی "ئەوە رێپێدراو نییە، بەڵكو حەرامە چونكە زیان بە مەزەو و ئیسلامیش دەگەیەنێت".
 
لەسەر ئەو پرسە سەرچاوەیەكی نزیك لە عەبادی رای گەیاند، خۆپیشاندانی چەند چەكدارێكی حەشد، لەلایەن سەركردەكانیانەوە هان دراون بۆ ئەوەی عێراقییەكان بەگژ عەبادی بنێن بەوەی پابەند نەبووە بەپێدانی شایستە دارایییەكانی خێزانی كوژراوان و بریندارانی حەشد.

ئاشكرای كرد كە لەناو حەشدی شەعبی گەندەڵی زۆر هەیە و ئێستەش لێكۆڵینەوە لەسەر دۆسیەكانیان بەردەوامە كە پێویستی بە كات هەیە، ئەمەشە هۆكاری دواكەوتنی شایستە دارایییەكانی چەكدارانی حەشد.
 
 لای خۆیەوە جەمیلە عوبێدی پەرلەمانتار دەڵێ، حەشدی شەعبی بۆ چەند ئامانجێكی جیاواز پێكهێنرا، نەك تەنیا شەڕكردن دژی داعش، بەڵكو بەشێكی بۆ دەستخستنی دەستكەوتی دارایی و پۆست بووە دوای كۆتای هاتنی شەڕ.

ئەو پەرلەمانتارە كە قسەی بۆ "عەرەبی جەدید" كردووە، ئاماژە بەوەش دا كە بەڵگە بۆ قسەكانی زۆرینەی سەركردەكانی دەستیان لەكار كێشایەوە و ئێستە لیستیان بۆ پەرلەمان هەیە.

جێی باسە یاسای دامەزراندنی حەشدی شەعبی لە تشرینی دووەمی/ نۆڤێمبەر 2016 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە دەرچوێنرا، بەگوێرەی یاساكەش بێت دەبێت دەستەی حەشد سەر بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بێت و بڕیار لە عەبادی وەربگرن، بەڵام بەشێكی زۆری حەشد دژی بڕیارەكانی حكوومەت دەجووڵێنەوە.



وشە - فه‌رمان سادق