كۆمپانیای گازپرۆم نەفت لە بیرێكی تری كێڵگەی سەرقەڵا لە بلۆكی گەرمیان دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت كرد و لە بەرنامەیدایە لە سێ مانگی كۆتای ئەمساڵ لە بیرێكی تری كێڵگەكە دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بكات و لە داهاتوودا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كیڵگەكە بۆ سێ هێندەی جارانی بەرز بكاتەوە.
كۆمپانیای گازپرۆم دەستی بە بەرهەمهێنانی نەوت لە بیری ژمارە دوو لە كێڵگەی سەرقەڵا كرد كە كەوتووەتە بلۆكی نەوتیی گەرمیانەوە. لەم بیرە نەوتە دەتوانرێت رۆژانە 11 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنرێت و بیرەكەش توانای هەیە ئاستی بەرهەمهێنانەكەی تا 15 هەزار بەرمیل بەرز بكرێتەوە. بەو پێیە بڕی گشتی بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو بیرەی كێڵگەی سەرقەڵا كە لە لایەن ئەو كۆمپانیایەوە بەرهەم دەهێنرێت گەیشتە 21 هەزار بەرمیل.
سێرگی پێترۆڤ بەڕێوەبەری گشتیی كۆمیتەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كۆمپانیای گازپرۆم نەفت گوتی، بیری ژمارە دووی كێڵگەی سەرقەڵا پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت تیایدا لە ژێر پاڵەپەستۆ و پلەی گەرمی بەهێز دەبوو بەڕێوە بچووایە، بەڵام ئەوان لە رێی سوود وەرگرتن لە تەكنیكی پێشكەوتوو توانییان بە شێوەیەك نەوت لەو كێڵگەیە بەرهەم بهێنین كە خەرجییەكی كەمتر لەسەریان دەوەستێت.
هاوكات دێنیس سۆجێیپۆڤ بەڕێوەبەەری سەرەكی پڕۆژەكانی گازپرۆم نەفت گوتی، جێی خۆشحاڵییە كە هەر بەر لە دەست پێكردنی پڕۆژەكە ئەو لێكۆڵینەوە جیۆلۆجییانەی ئەنجامیان دابوون و ئەو پێشبینییانەی لەسەر بیرەكە خستبوویانە روو، راست دەرچوون و دواجار دەستیان بە بەرهەمهێنانی نەوت كرد.
ئەو باسی لەوەش كرد كە لێدانی ئەو بیرە نەوتە ئەزموونێكی باش بوو بۆ درێژەدان بە چالاكییەكانیان لەو بلۆكە نەوتییە. یەكەم جار لە ساڵی 2001 نەوت لە بلۆكی گەرمیان دۆزرایەوە و لە سەرەتای ساڵی 2015شەوە بەرهەمهێنانی نەوت لەم كێڵگەیە دەستی پێ كرد و لەوكاتەوە تا مانگی نیسانی ساڵی 2018 سەرووی حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم هاتووە.
بەگشتی توانای بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو بیرە نەوتە دەگاتە نزیكەی 25 هەزار بەرمیل نەوت. كۆمپانیاكە لە لێدانی بیری نەوتی زیاتر بەردەوامە و پڕۆژەی سێ مانگی كۆتای ساڵی 2018ی كۆمپانیاكە ئەوەیە بیری ژمارە سێ لە كێڵگەی سەرقەڵا لێ بدات كە توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكە بۆ رۆژانە 35 هەزار بەرمیل نەوت بەرز دەكاتەوە.