چین فرۆشتنی ئایفۆن قەدەغە دەكات

:: AM:11:49:26/04/2018 ‌
كۆماری چینی میلی وەك وەڵامێك بۆ ئەو سزایانەی ئەمەریكا بەسەر چینی سەپاندووە، بڕیاری دا فرۆشتنی ئایفۆن كە بەرهەمی كۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریكییە لەسەر خاكی وڵاتەكەی قەدەغە بكات.

میدیا تایبەتەكانی بواری تەكنەلۆجیا بڵاویان كردەوە، ئەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی چین وەك وەڵامێكە بۆ سزاكان كە ئەمەریكا خستوویەتییە سەر بەرهەم و كاڵا چینییەكان لەسەر خاكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا.

چین بڕیارەكەی داوە، بەڵام تا ئێستە نەخراوەتە واری جێبەجێكردنەوە، لە ئەگەری جێبەجێكردنی، كۆمپانیای ئەپڵی ئەمەریكی و ڕكابەری كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور گەورەترین زیانی بەردەكەوێ، دووەم گەورەترین بازاڕی فرۆشی بەرهەمەكانی لە دەست دەدا.

بەگوێرەی ئامارەكان، ئەپڵ لە ماوەی ئەمساڵدا زیاتر لە 243 ملیۆن ئایفۆنی لە تەواوی چین فرۆشتووە، ئەمەیش قازانجێكی زۆری بە كۆمپانیاكە بەخشیوە و دوای ئەمەریكا زۆرترین فرۆشی ئایفۆن لە چینە.

ئەم بڕیارەی چین لە وەڵامی سزاكانی ئەمەریكا دێ بۆ سەر كۆمپانیای ZTE , Huawei كە لەلایەن ئەمەریكاوە فرۆشی بەرهەمەكانیان قەدەغە كراوە، بە تۆمەتی ئەوەی لە ڕووی خۆپارێزییەوە مۆبایلەكانی ئەو دوو كۆمپانیایە زۆر پێشكەوتوو نین و سیخوڕی بەسەر بەكارهێنەرانییەوە دەكەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د