كچێكی تەمەن 20 ساڵ لە هەولێر، پاش ئەوەی كوڕە خۆشەویستەكەی كردوویەتی بە ژن، ئێستەیش بە ژمارەی نەناسراو نامە بۆ براكانی دەنێرێ و نهێنی كردنی خوشكەكەیان بە ژن بۆ براكانی باس دەكات، ئەمەیش ژیانی كچەكەی خستووەتە مەترسییەوە و براكانی هەڕەشەی كوشتنی لێ دەكەن و ئەویش ئێستە لە ماڵی خاڵیەتی و داوا دەكات ڕێكخراوەكانی مافی ژنان و مرۆڤ بەهانایەوە بچن.
سوەیدە ناوی خوازراوی ئەو كچەیە كە ئێستە لە مەرگ خۆی شاردووەتەوە و ڕا دەكات، ئەو بە "وشە"ی گوت، دەمەوێ دەنگم بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕێكخراوەكانی مافی ژن بگات، هەرچەند لێشیان دەترسم كە كێشەكەم گەورەتر بكەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڕەشەی كوشتنم لەسەرە داوا دەكەم بە فریامەوە بێن و لە مەرگ ڕزگارم بكەن.
ئەو كچە سێ ساڵ پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ كوڕێك هەبووە، بەهۆی ئەوەی كوڕەكە بەردەوام هەڵیخەڵەتاندووە گوایە هاوسەرگیری لەگەڵ دەكات، بۆیە چەند جارێك داخوازی هاتووە و ڕەتی كردووەتەوە، بەڵام خۆشەویستەكەیشی ماوەیەكی زۆر فەرامۆشی كردووە و دواتر بە هەڕەشەیەك دووبارە منی دەستەمۆ دەكردەوە.
سوەیدە دەڵێ، لە سەرەتا ویستم وازی لێ بێنم، چونكە دوای تەواو ناسینی بۆم دەركەوت كە ژیانم دەكاتە دۆزەخ، بەڵام كوڕەكە وازی نەهێنا و بەردەوام بە باسكردنی پێوەندی خۆشەویستییەكەیان لای براكانم و باوكم منی دەترساند و گوتوویەتی نامە بۆ براكانت دەنێرم و ژیانت بە كۆتا دێنم.
ئاوارە ناوی كوڕە خۆشەویستەكەیە كە پێوەندی لەگەڵ سوەیدە هەبوو، جارێك بەیەكەوە چوونەتە دەرەوە و ئاوارە پێی گوتووە ئەگەر خۆتم رادەست نەكەیت، ئەوا تۆ و خۆیشم دەكوژم، هەرچەند من ڕەتم كردەوە، بەڵام ئەو بە باسكردنی براكانم و گێڕانەوەی پێوەندییەكەمان هەموو جار منی دەترساند، بۆیە منیش ناچار بووم خۆم ڕادەستی كرد، سەرەنجام ئاوارە منی كردە ژن و بەڵێنیشی دا دوای ئەوە دێتە داوام و هاوسەرگیریم لەگەڵ دەكات.
سویدە گوتی، پاش ئەوەی منی كرد بە ژن، هەموو جار پێم دەگوت كەی دێیت بۆ داوام، بەڵام ئەو هیچ گرنگی پێم نەدەدا و هەر ڕۆژە و كێشەكەی گەورەتر دەكردم، ئێستەیش هەر ئەوە ماوە كە براكانم بمكوژن، چونكە ژمارە تەلەفۆنی ئەوانی وەرگرتووە و نامەیان بۆ دەنێرێ و دەڵێ، خوشكەكەتان بێ ڕەوشتە، براكانیشم باوەڕیان هێناوە و هەڕەشەی كوشتنیان لێ كردم و دەڵێن هەرگیز لێناگەڕێین لە ژیان بەردەوام بیت، بۆیە من بە نهێنی چوومەتە ماڵی خاڵم و لەوێ خۆم حەشار داوە.
لە كۆتادا سوەیدە بۆ "وشە" گوتی، داوا لە بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژ بە ژنان و ڕێكخراوەكانی پاراستنی مافی ژن دەكەم، به هانامەوە بێن و چارەسەری كێشەكەم بۆ بكەن و لە ئابڕووچوون و مەرگێكی 100% ڕزگارم بكەن، بە پێچەوانەوە من خۆم دەكوژم، چەند جارێكیش هەوڵم داوە، بەڵام دایكم ڕێی نەداوە و لە بەر دڵی ئەو خۆم نەكوشتووە.
هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.