شەش حزبی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی عێراق هاتنە پاڵ پارتی

:: PM:02:33:26/04/2018 ‌
شەش حزبی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا پاڵپشتی خۆیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان ڕادەگەیەنن و داوا لە دەنگدەرانیان دەكەن دەنگ بە كاندیدانی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی نیسان/ ئەپریل، بەپێی ڕاگەیانراوێكی شەش حزب و لایەنی سیاسیی توركمانی هاتووە، هەرێمی كوردستان جێی یەكڕیزی و تەبایی و پێكەوەژیانە بۆ هەموو پێكهاتەكان، لە هەمان كاتدا دوژمنان و ناحەزانی گەلی كوردستان بەردەوام بوون لە هەوڵی پلاندانان بۆ تێكدانی ئەو پێوەندییە مێژوویییەی نێوان پێكهاتەی كورد و توركمان.

لە ڕاگەیەنراوی ئەو شەش حزبە هاتووە، حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیش هەوڵی دوورخستنەوە و بێبەشكردنی نەتەوەی توركمانیان لە گشت مافە ڕەواكانی خۆی لە عێراق داوە. تا ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ كە نەخشەی سیاسی و جیۆگرافی لە عێراق گۆڕانكاری بەسەر هات و پاش هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێكهاتەی توركمان توانی بەشدار بێت لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و گەیشتن بە ماف و دەسكەوتە نەتەوەیییەكانی خۆی لە گشت جومگەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سایەی سیاسەتی حەكیمانەی هەرێمی كوردستان و سەقامگیریی تەناهی و ئاسایش كە تێیدا ماف و ئازادییەكانی هاووڵاتییان و مافە نەتەوەیییەكانمان پارێزراوە.

ئەو شەش حزبە دەڵێن، بۆیە وەك حزب و لایەنە سیاسییەكانی توركمان لە هەرێمی كوردستان، بۆ ڕێزگرتن لە پێكەوەژیانی پێكهاتەی كورد و توركمان بڕیاریان داوە، دەنگ بە لیستی ١٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەین. داواش لە جەماوەری توركمان دەكەین دەنگ بە لیستی پارتی بدەن، چونكە مافە نەتەوەیییەكانمان لە بەرنامەی ئەم لیستەدا پارێزراوە.

مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی پێشكەوتنی توركمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دەستخۆشی لە پارتە توركمانییەكان دەكەم بەم هەڵوێستە نیشتمانییە توركمان ڕاستە خاوەنی لیستێكی سەربەخۆی نییە تا پێداگیر و پاڵپشتی لیستەكەی بكەین، بۆیە داوا دەكەین سەرجەم هاووڵاتییانی توركمان بەویژدان دەنگ بدەن نەك بۆ بەرژەوەندی تایبەت.

ئەو پارت و حزبانەی پاڵپشتییان بۆ لیستی 184ـی پارتی ڕاگەیاندووە بریتین لە پارتی چاكسازی توركمان و پارتی گەشەپێدانی توركمان و پارتی ڕزگاری نەتەوەیی توركمانی و پارتی دیموكراتی توركمان و كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمانی و كۆمەڵەی لیبرالی توركمانی.

لە 12ی ئایار هەڵبژاردنەكانی عێراق بەڕێوە دەچێت كە لە هەرێمی كوردستان سێ ملیۆن و 144 هەزار و 730 دەنگدەر هەن و 25 قەوارە بەشدارن لە چوارچێوەی 19 حزب و چوار هاوپەیمانی و دوو كاندیدی تاك، هاوكات 357 كاندید نێرن و 146 كاندید ڕەگەزی مێن كە كێبەركێ لەسەر 46 كورسیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكەن.





وشە - رامیار جەواد