حەشدی شەعبی بە توندی هەڕەشە لە یەكێتی دەكات

:: PM:02:46:26/04/2018 ‌
گوتەبێژی حەشدی شەعبی وەڵامی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی كردنەوەی بارەگاكانیان لە خورماتوو دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت، یەكێتی موڵكی دەوڵەتی داگیر كردبوو، بۆ كردنەوەی بارەگا ئێستە دەبێ زەوی بكڕن.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی نیسان/ ئەپریل، عەلی هاشم گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە شارۆكەی خورماتوو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە پێش ساڵی 2003 هەر باڵەخانەیەك موڵكی دەوڵەت بووبێت دەبێ بگەڕێنرێتەوە بۆ دەوڵەت، باڵەخانەی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پێشتر باڵەخانەی شارەوانی بووە و جارێكی تر بە یەكێتی نادرێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەو نامەیەی یەكێتی بانگەشەیە و هیچی لێ‌ نایەتە دی، بۆ كردنەوەی بارەگاكانیش یەكێتی پێویستە زەوی بكڕن و بارەگای لێ‌ بكەنەوە.
 
ئەو لێدوانەی گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە نامەیەكدا كە بۆ سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراقی ناردبوو و ڕای گەیاندبوو، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە تا ئێستە كردنەوەی بارەگای حزبە كوردستانییەكان لەو شوێنانە قەدەغەیە كە حەشدی لێیە.
 
16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بە ناپاكەكان ناسراون، هێرشیان كردە سەر كەركووك و خورماتوو و ناوچە دابڕێنراوەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان و داگیریان كرد، ئێستەیش یەكێتی گرووپێكی دەستیان لەو خیانەتە هەبووە ناتوانن بارەگای حزبەكەیان بكەنەوە.
 
گەرمیان / سەبری هۆرینی
 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم