زانیاری لەبارەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا

:: PM:03:57:26/04/2018 ‌
ئەندامێكی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، دەسەڵاتی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا لای سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەیەتی.

ئەمڕۆ پێنجشەم 26ی نیسان/ ئەپریل، عەباس فەتاح ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە دەسەڵاتی دابەشكردنی زەوی لای وەزارەتی شارەوانی نەماوەتەوە و تەنیا سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی دەتوانن ئەو بڕیارە بدەن.

زیاتر گوتی، دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا تەنیا دەنگۆیە و تا ئێستە هیچ شتێكی فەرمی لەوبارەیەوە لە ئارادا نییە.

لەبارەی كۆبوونەوەی لیژنەكەیان لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بەڕێوە چوو، ئەو پەر لەمانتارە گوتی، تەوەری كۆبوونەوەكە تایبەت بووە بە باڵەخانەكان و وەرگرتنی باج و چەند پرسێكی ترە و هیچ پێوەندییەكی بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نەبووە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە لەماوەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابوو، بەڵام تا ئێستە ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ نەكراوە لە كاتێكدا ماوەی چەندان ساڵە هیچ پارچە زەوییەك نەدراوە بە فەرمانبەرانی كەرتی گشتیی.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم