دوای 15 ساڵ لە گرتنە دەسەڵات لە عێراق، شیعە كە رۆژێك لە رۆژان بەیەك ریزییەوە دەچوونە جەنگی سەركوتكردنیان لەلایەن سەدام حوسێنەوە، ئێستا بەقووڵی پەرتەوازە بوونە لەناو هەستكردنیان بە بێزاری و نائومێدییەوە بەرانبەر بە سەرانی سیاسییانەوە.
لەناو پێگە سەرەكییەكانی شیعە لە عێراق كاتێك خەڵكەكە بێ بیركردنەوە و لەسەر بنەمایەكی تایفی دەنگیان بەوان دەدا، ئێستا ئەوان بێزاری لە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی شیعە پێشان دەدەن كە بە نووچخواردووی لەقەڵەم دەدەن لە چاككردنی ژێرخانی رووخاوی عێراق و ناوچەكانیان و دابینكردنی كار بۆیان و نەهێشتنی توندوتیژی لە وڵات.
ئەو ترازان و دابەشبوونەی ناو ماڵی شیعە هەڕەشە لە دابەشبوونی دەنگەكانی ئەوان دەكات لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری داهاتوو، ئەوەش پرۆسەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵۆزتر دەكات و دوای دەخات و هەڕەشەش لەو دەستكەوتانە دەكات كە لەدژی داعش بەدی هاتوون و رێگەش بۆ ئێران خۆش دەكات بۆ دەستوەردانی زیاتر لە كاروباری سیاسی لە عێراق.
لە پارێزگای بەسرە لە باشوور كە بەنەوت دەوڵەمەندە مۆفەق عەبدولغەنی /81 ساڵ/ پیشەی مامۆستای خانەنشینە، هەست بە بێزاری و نائومێدی دەكات لە هەڵسوكەوتی شیعە لە دوای رووخانی سەدام حوسێن لە 2003ەوە. ئەو دەڵێت، من لە ساڵانی حەفتاوە چاوەڕوانی رووخانی سەدامم دەكرد، تا عێراقییەكان فەرمانڕەوایی بگرنە دەست، ئێستاش چۆن چاوەڕوانتان بكەین، چۆن ئەو گورزە لە ئێمە دەوەشێنن، تۆ سەیری زبڵ و خاشاك بكە، پێش 20 ساڵ بەسرە وێرانە بوو، بەڵام بەگوێرەی ئێستا زۆر باشتر بوو.
لە نەجەف كە مەزاری ئیمام عەلی لێیە و عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعە لەوێ دەژیت، هەمان هەستی بێزاری و نائومێدی هەیە، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لە شەوی 23ی ئەم مانگە دەستی پێ كرد و چالاكانی هەموو پارتەكان دەستیان بە جموجۆڵ كرد، عەباس سەعد /29 ساڵ/ كە هاووڵاتییەكی بێكارە لەو باەوە گوتی، وێنەی شەهیدانیان لابرد و وێنەی دزەكانیان لە شوێنی ئەوان دانا.
تەنانەت پێدەچێت سیستانیش لە هەڵسوكەوتی ئەو سیاسەتوانانە رازی نەبێت و بەم دوایە فەتوایەكی دەركرد و بە شاراوەیی داوای لە شیعە كرد كە دەنگ بە خوێنی تازە بدەن و گوتی، تاقیكراوە تاقی ناكرێتەوە، كە فەتواكانی سیستانی لای ملیۆنان شیعە پیرۆزە.
بەپێی نەخشەیەكی دابەشكردنی دەسەڵات كە لە دوای رووخانی سەدام حوسێنەوە كاری پێ دەكرێت لە عێراق، پێویستە پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ زۆرینەی شیعە بێت و سەرۆكی عێراقیش بۆ كورد و سەرۆكی پەرلەمانیش بۆ سوننە، بۆیە پێشتر یەك سەركردەی شیعە هەبوو بۆ پۆستەكە و پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام ئەوجارە سێ كاندیدی بەهێزیان هەیە ئەوانیش حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی ئێستا و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و هادی عامری كە فەرماندەیەكی سەربازی نزیك لە ئێرانە.
بۆیە ئەگەر هەڵبژاردنەكە نەبووە هۆی دەركەوتنی براوەیەكی دیار، رەنگە ئێران هەلێكی باشی بۆ برەخسێت بۆ بینین رۆلی ناوەندگیر لە نێوان پارتە شیعەكانەوە و كاریگەری بخاتە سەر هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، لەو كاتەی رەنگە داعش سوود لە بۆشایی لە دەسەڵات وەربگرێت و لەسەر هەستی سوننە بە فەرامۆشكردنیان یاری بكات.
گەنجان لە تەمەنی زیاتر یان كەمتر لە 27 ساڵ نزیكەی 60%ی رێژەی دانیشتوانی عێراق پێك دێنن و زۆرینەیان لەو بارەوە دەڵێن، ئەوان حكوومەتێكی عەلمانیان دەوێت كە رەنگە ئەوەش رووناكی بخاتە سەر دابەشبوونی ناو بنكەی جەماوەری شیعە لە عێراق، عەلی رەزا، قوتابییە و دەڵێت، من لەدژی دەنگدانم لەسەر بنەمای تایفی. ئەو لە قاوەخانەیەك لەناو گەنجان گوتی، هەلی كار و ئازادییەكان و باشتركردنی كەرتی فێركردن و پاڵپشتیكردنی وەرزش، ئەوانەن گرنگ لای ئێمەی گەنج، هەروەها زۆرینەی شیعە بەرپرسیارە لەوەی دڵنەوایی بداتە پێكهاتەكانی تر.
لەو كاتەی لە دووری سعاتێك لە نەجەف و لە كەربەلای پیرۆز كە ساڵانە پێشوازی لە 30 ملیۆن سەردانیكاری شیعە دەكات، لەوێ دابەشكردنی دەسەڵات لەگەڵ سوننە و كورد بە چارەسەر نازانرێت، مونتەزەر شەهرستانی، كە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەكی ئاینییە دەڵێت، زۆرینە لە عێراق بۆ شیعەیە و ئاساییە ئەگەر سەرۆكایەتی حكوومەت و سەرۆكی وڵات بۆ شیعە بێت و ئەگەرچی پاراستنی مافی كەمینەكان پێویستە، بەڵام دەبێت حكوومەت هەر بەدەستی شیعەوە بێت و ئەوەش بۆچوونی زۆرینەی شیعە ئایندارەكانە.
زۆرێك لە شیعە مالیكی بە بەرپرسی رادەوستكردنی سێیەكی خاكی عێراق بۆ داعش لە 2014 لە قەڵەم دەدەن، بەڵام هەر ئەو بوو كە فەرمانی لەسێدارەدانی سەدامی واژوو كرد، هەرچی حەیدەر عەبادییە ئەوان بە باشترینی خراپەكانی دەزانن و هادی عامریش وەك زۆرێك لە شیعە وای دەبینن كە ئەو دڵسۆزییەكەی بۆ ئێران زیاترە لەوەی بۆ عێراق بێت، بۆیە كاندیدانی لیستەكەی وێنەی خومەینی و عەلی خامنەیی رابەرانی شۆڕی ئێران لە نووسینگەكانیان هەڵدەواسن. وەك مامۆستایەكی خانەنشین لە بەسرە دەڵێت، عامری دەستی ئێرانە لە عێراق و بوونی وەك سەرۆك وەزیران عێراق وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری هەڵدەوەشێنێتەوە.
زۆرینەی ئەو كەسانەی "رۆیتەرز" لە شاری بەسرەی شیعە دیداری لەگەڵ كردن بێمتمانەیی خۆیان بە حكوومەت و پەرلەمان پێشان دا و گوتیان ئەوان دەنگ نادەن لە هەڵبژاردن و دوو لەو كەسانە كە ناویان نەهێنا گوتیان كە بەنیازن دەنگی ئەندامانی خێزانەكانیان بە زیاترین نرخ بفرۆشن بۆ دابینكردنی بژێویان و یەكێكیان گوتی، من برسیم و خاوەن هەشت دەنگم و ئامادەی فرۆشتنیانم.