بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك لەسەر گیرانی فەرهاد پیرباڵ دەدات و ئاشكرای دەكات، د.فەرهاد پیرباڵ وەك ڕاگیراو مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، بەڵكو لە شوێنێكی تایبەتە لە گرتووخانەی پۆلیسی هەولێر.
ئەمڕۆ پێنجشەم 26ـی نیسان/ ئەپریل، ڕائید هۆگر عەزیز بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕای دەگەیەنین كە د.فەرهاد پیرباڵ وەك ڕاگیراو مامەڵەی لەگەڵ ناكرێت، بەڵكو لە شوێنێكی تایبەتە لە گرتووخانەی پۆلیسی هەولێر.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر دەڵێت، بەبەردەوام و هەمیشە هاتوچۆی كراوەیە بۆ ئەوەی كەسە نزیكەكانی و برا و خوشكەكانی سەردانی بكەن و ڕۆژانەیش سەردانی هەبووە لەلایەن خانەوادەكەیەوە.
بەرپرسەكەی پۆلیسی هەولێر ڕەتی كردەوە كە ڕێگە نەدرێت فەرهاد پیرباڵ خانەوادەكەی و كەسە نزیكەكانی ببینێت و گوتی" ئەو قسانە دوورە لە ڕاستییەوە".
فەرهاد پیرباڵ نووسەر لە ڕۆژی 11ـی ئادار لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە لەسەر داوای داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان گیراوە و دەنگۆی تێكچوونی باری تەندروستی ئەمڕۆ بڵاو كرایەوە.