باسی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی شوفێری لە كوردستان دەكرێ

:: AM:10:58:28/04/2018 ‌
بەرپرسێكی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان پێشنیازی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری دەكات، ئەوەیش بەهۆی زۆری ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە هەرێمی كوردستان.

ئەمڕۆ شەموو 28ی نیسان/ ئەپریل، كارزان مەجید بەرپرسی‌ راگەیاندنی‌ هاتوچۆی‌ گەرمیان ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاندووە، شێوازی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری شكستی هێناوە لە هەرێمی كوردستان، چونكە تەنیا لە ساڵی 2017دا لە كوردستان یەك ملیۆن و نیو شۆفێر سەرپێچییان كردووە كە هەموو لە ئەنجامی شكستی پێدانی مۆڵەتی شۆفێرییە.

ئەو بەرپرسەی هاتوچۆی گەرمیان پێشنیاز دەكات بە هەڵوەشاندنەوەی شێوازی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری كە لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆیە و دانانی شێوازێك كە لەگەڵ‌ رەوشی هاتوچۆی كوردستاندا بگونجێ، هاوكات لەكاتی تازەكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دووبارە زانیاری هاتوچۆ بدرێت بە شۆفێر.

ئەو پێشنیازەی ئەو بەرپرسەی هاتوچۆ لە كاتێكدایە كە تەنیا دوێنی هەینی بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ 14 هاووڵاتیی لە هەرێمی كوردستان بوونە قوربانی، سەرباری ئەوەی ڕۆژانە رووداوی هاتوچۆ لە نێوان شارەكاندا ڕوو دەدەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم