خاتوونە گۆرانیبێژی ناسراوی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان فرمێسك، نوێترین ئەلبوومی گۆرانی و گۆرانییەكی تاكی بەكۆتا هێناوە و بەمزووانە بڵاویان دەكاتەوە.
ئەمڕۆ فرمێسك لەبارەی بەرهەمی نوێی نووسیویەتی: ئەوەتا دوای حەوت ساڵ نوێترین ئەلبوومی گۆرانیم بەكۆتا هاتووە و كارەكانی تەواو بووە، "ئارەزووی فڕین" ناوی ئەو ئەلبوومەیە و دوای ماوەیەكی زۆر كارەكانی بەكۆتا هاتووە و چەندان بەرهەمی ناوازەی تێدا كۆ كراوەتەوە.
هەروەها رای گەیاندووە: ئێستە كاری سێدییە نوێیەكەم تەواو بووە و كلیپی گۆرانییەكی نوێیشم بەدەستەوەیە و بەمزووانە بڵاویان دەكەمەوە.
.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" فرمێسك گۆرانییەكی نوێی بەدەستەوەیە بەناوی "ماسییە ڕەشە بچكۆلانەكە" لە هۆنراوەی رێبوار عەزیز و میلۆدیی خۆی، حامید موختاری دابەشكردنی موزیكەكەی بۆ كردووە،. بیرۆكەی ئەو كارەی لە كتێبی نووسەری ناسراوی فارس سەمەدی بەهرەنگی وەرگیراوە و چیرۆكی ماسییەكی ڕەشی بچكۆلانە دەگێڕێتەوە كە لەرێی ئازادی خۆی شەهید دەبێت.
فرمێسك حافزی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ئەڵمانیا ژیان بەسەر دەبات، زیاتر لە 12 ساڵە دەستی بەگۆرانیگوتن كردووە. خاوەنی دەنگێكی تایبەتە و یەكەم گۆرانیی بەناوی "مەی" بڵاو كردووەتەوە .
هەولێر/ شاخەوان شێخانی