ئێران لە ڕێی حەشدی شەعبییەوە دەبێتە حاكمی ڕاستەقینەی عێراق

:: PM:04:24:29/11/2016 ‌

تێپەڕاندن و دەنگدانی زۆرینەی پەرلەمانتاران لە رۆژی شەموو 20ی ئەم مانگە لە پەرلەمانی عێراق بۆ یاسای دەستەی حەشدی شەعبی، دەنگدانەوەی زۆری لە میدیاكانی دنیا لێ كەوتەوە و هەمووان بە دروستكردنی سوپای پاسداران لە قەڵەمی دەدەن، لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەی كە مەلالییەكانی تاران بۆ بە ئێرانیكردنی عێراق دەستیان پێ كردووە.

دەستەی حەشدی شەعبی بە پێی ئەو یاسایەی بۆی دەركراوە، بەهیچ شێوەیەك حیساب بۆ بڕیارەكانی وەزیری بەرگری و ناوخۆی عێراق ناكات، ڕاستەوخۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان سەرپەرشتییان دەكات، ئەمەش پێچەوانەی سیستەم و دەستووری دەسەڵاتەكانە لە عێراقدا، هاوكات پێچەوانەی ئەو دیموكراتییە تەوافوقییەیە كە لە دوای 2003ەوە لە عێراق پێڕەو دەكرێ و هاوسەنگی لە نێوان پێكهاتەكان دیاری دەكرێ لە دامەزراوە و پێكهاتەكاندا، بەڵام حەشدی شەعبی پێچەوانەی ئەو بنەمایەیە و بە تەواوی هێزێكی شیعییە و شیعەكان بەڕێوەی دەبەن و ئێرانیش سەرپەرشتیار و باوكی هەمیشەیییانە.

چەند رۆژێك پێش ئێستە، فەرماندەی هێزەكانی پاسدارانی ئێران لیوا محەمەد عەلی جەعفەری ئاشكرای كرد، دەتوانین بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی بنێرینە سووریا بۆ ئەوەی پشتیوانی بەشار ئەسەد بكەن، دوای ئەوەی شەڕی مووسڵ تەواو بوو.

هاوكات سەرۆكی دەستەی سوپاسالاری ئێران لیوا محەمەد باقری ڕای گەیاند، كە وڵاتەكەی پێویستی بە بنكەی سەربازییە لە دەریا بەتایبەت لە ئاوەكانی یەمەن و سووریادا.

دوای سەركەوتنی ئێران لە گۆڕینی میلیشیا شیعەكانی عێراق بۆ سوپای پاسدارانی عێراق، ئێستە لە رووی هێزی وشكایییەوە هیچ كێشەیەكی نییە، بەڵكو هێزێكی زۆر و زیاتری لە عێراق دروست كرد، دەتوانێ لە وشكایی ئامانجەكانی ئێران لە سووریا و ناوچەكە بەرەو وڵاتانی رۆژئاوای ئێران بەو هێزەوە بهێنێتە دی. تاران بەو هێزانە دەیەوێ هەڕەشە لە وڵاتانی كەنداویش بكات و پێشتریش سەركردەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لێدوانیان لەسەر ئەو پرسە دەركردن، بەتایبەت بۆ هێرشكردنە سەر سعوودیە هەریەك لە ئەوس خەفاجی و واسق بەتات و ئەبو مەهدی موهەندیس لە ڕاگەیەندنەكانەوە ئەم لێدوانەیان دژی سعوودیە ئاشكرا كرد.

دەركردنی ئەو یاسایە بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمان و بەبێ رەچاوكردنی بۆچوونی پێكهاتەكانی تر، لەكاتێكدایە كە عەماڕ حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان پڕۆژەی "یەكلاكردنەوەی مێژوویی" بە پشتیوانی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان ماوەیەكە ڕاگەیاندووە و باسی لێوە دەكات.

پەلەكردنی ئێران لە جێبەجێكردنی ئەو یاسایە لە كاتێكدا پشتیوانی پڕۆژەی "یەكلاكردنەوەی مێژوویی" دەكرد، بەگوێرەی بۆچوونی شارەزایان بۆ نزیكبوونەوەی ئەمەریكایە لە گۆڕینی سەرۆكایەتی وڵاتەكە و گرتنە دەستی دەسەڵات.
پەرلەمانی عێراق لە كۆتای ئەم مانگەوە دەچێتە پشوو و تا مانگی یەكی ساڵی داهاتوو دانیشتنەكانی ئەنجام ناداتەوە، لە 20 مانگی یەكی 2017ەش دۆناڵد ترەمپ دێتە كۆشكی سپی و سەرۆكایەتی ئەمەریكا وەردەگرێ، لێدوانەكانی دۆناڵد ترەمپ بە تەواوی دژی ئێران و یەكلاكردنەوەی عێراق بۆ ئێران و لۆبی ئێران لە واشنتن ڕوون بوون، بۆیە ئێران بەر لە هاتنە سەر حوكمی دۆناڵد ترەمپ بە تێپەڕاندنی یاساكە، كۆسپێكی تری لە بەردەم ئەمەریكا دروست كرد بۆ دەركردنی ئێران لە عێراق و دووبارە كۆنتڕۆڵكردنەوەی.

بە تێپەڕاندنی یاساكە، حەشدی شەعبی دەبێتە بەهێزترین هێز لە نێو هێزە چەكدارەكانی عێراق و زۆرینەی هەرە زۆریشی شیعەن، سەركردەكانیشی كەسانی نزیكن لە ئێران و بەشێكیشیان پێشتر لە ئێران ژیاون و هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانین. بۆیە لەو كاتەی ترەمپ هەوڵی ڕیشەكێشكردنی ئێران لە عێراق بدات، ناتوانێ دەست بۆ میلیشیاكانی شیعە ببات، چونكە ئەوان بە یاسا بەشێكن لە هێزە ڕەسمی و چەكدارەكانی حكوومەت، بەڵام لە حەقیقەتیشدا ڕاستەوخۆ سەر بە كۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

هەر وڵاتێك هەوڵی یەكلاكردنەوەی مێژوویی بدات لەبارەی داهاتووی خاك و یەكێتییەكەی، وەك لە پڕۆژەكەی عەماڕ حەكیمدا هاتووە، بەهیچ شێوەیەك شەرعییەت و یاسا بۆ هێزێكی زۆرینە لە پێكهاتەیەكی ئەو وڵاتە دەرناكات و هەموو دەسەڵات و ئیمتیازاتێكیشیان پێ نادات، بەڵام ئێران بە تەواوی ئەمەی دەخواست، بۆیە پڕۆژەكەی عەماڕ حەكیم پەراوێز خرا و لەتەك ئارامكردنەوەی پێكهاتەكان بۆ باسكردن لەو پڕۆژەیە، تاران دامەزراوەیەكی تری بەهێزی سەربازی بۆ عێراق بە یاسایی كرد، كە تەواو دژی پێكهاتەكانی ترە و دەسەڵاتەكانیشی لە سەرووی دەسەڵاتی سوپایە كە پێكهاتەكانی تر بە ڕێژەیەكی كەم تێیدا بوونیان هەیە.

شەرعیەتدان و بە یاساییكردنی حەشدی شەعبی، دووبارەكردنی هەمان سیناریۆی سوپای پاسدارانی ئێرانە، هەمووانیش ڕۆڵ و پێگەی سوپای پاسداران لە ئێران دەزانن، كە ئەوان حاكمی ڕاستەقینەی وڵاتەكەن، بۆیە ئێران بەم كارە حەشدی شەعبی دەكاتە حاكمی ڕاستەقینەی عێراق و لە هەمان كاتدا ئەو حاكمە ڕاستەقینەیەش سەر بە خودی ئێران دەبێت.

سەرچاوە/ئەلعەرەبی ئەلجەیدید.


وشە - باز ئه‌حمه‌د