سبەی مووچەی یەكەی پاسەوانی دابەش دەكرێت

:: PM:05:03:01/05/2018 ‌
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ڕای گەیاند، وەزارەتی دارایی بڕی دوو ملیار و 600 ملیۆن دیناری بۆ یەكەی پاسەوانی زیاد كردووە و بڕیارە سبەی بەپێی سیستەمی نوێ‌ مووچەكەیان دابەش بكرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەك یەكی ئایار/ مایۆ، نازم هەركی جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پێشتر دوو ملیار دینار بۆ مووچەی یەكەی پاسەوانی تەرخان كرابوو و لەگەڵ وەزیری دارایی كۆبووینەوە و توانرا 600 ملیاری تریش دابین بكرێت و پێی ڕاگەیاندین كە ناتوانن پارەكە لەوە زیاتر بكەن و بڕیارە سبەی بەپێی سیستەمی نوێ‌ مووچەكانیان دابەش بكرێت.

زیاتر گوتی، وەزیری دارایی باسی لەوەكرد ئێستە تەنیا دەتوانن ئەم بڕەیان بۆ خەرج بكەن و لە داهاتوویش هەوڵی ڕژد دەدەن، بۆ ئەوەی مووچەی یەكەی پاسەوانی هاوتای هێزەكانی ناوخۆ بكرێت.

نازم هەركی ڕوونیشی كردەوە، ئەگەر پڕۆژەی چاكسازی پەسەند بكرێت كێشەی یەكەی پاسەوانی بە تەواوی چارەسەر دەكرێت، چونكە مادەیەكی تایبەت بە ئەوان لەوپڕۆژە یاسایە هەیە و باس لەوە دەكات مووچەی یەكەی هاوتای هێزەكانی ناوخۆ دەكرێت و پرچەك دەكرێن.

یەكەی پاسەوانی ژمارەیان نزیكەی 40هەزار پاسەوان دەبێت و 65%مووچەكەیان لەلایەن حكوومەتی هەرێم پاشەكەوت كراوە و ئێستە داوا دەكەن مووچەكانیان هاوتای هێزەكانی ناوخۆ بكرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم