شەوی رابردوو بایرن میونشن تووشی كارەساتێكی تریش ببووەوە

:: PM:01:32:02/05/2018 ‌

یاریزانانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی دوای كۆستە گەورەكەی بەهۆی دەركردنیان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەسەر دەستی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، شەوی رابردوو لە هۆتێل تووشی موسیبەتێكی تریش ببوونەوە.

شەوی رابردوو یانەی بایرن میونشن بەفەرمی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرایە دەرەوە، دوای ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتای خولەكەدا لەسەر دەستی یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە شاری مەدریدی پایەتەختی ئیسپانیا بە ئەنجامی 2-2 گۆڵ یەكسان بوو.

هەفتەی رابردوو یانەی بایرن میونشن لەنێو یاریگە و جەماوەری خۆیدا لە یاریی چوون بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی ریال مەدرید دۆڕا بوو، بەمەش لە یاریی چوون و هاتندا بە ئەنجامی 4-3 گۆڵ یارییەكەی دۆڕاند و لە پاڵەوانیەتییەكە كرایە دەرەوە.

بەشێكی یاریزانانی یانەكە بەهۆی كۆستی دەركردنیان لە پاڵەوانیەتییەكەدا تا بەیانی خەو نەچووبووە چاویانەوە، بەشەكەی تریشیان لە بەرەبەیاندا لە سەعات 4 بەهۆی زەنگی ئاگاداركردنەوەی ئاگر كەوتنەوە لەو هۆتێلەی مابوونەوە بەخەبەر هێنران و رەوانەی دەرەوەی هۆتێل كران.

بەمەش بەشی هەرە زۆری یاریزانەكانی یانەی بایرن لە كاتی گەڕانەوەدا بۆ شاری میونشنی ئەڵمانیا لەنێو فڕۆكە چووبوونە خەوێكی قوڵەوە و كەمێك خەمی شكست و ماندووبوونەكانیان لە بیر چووبووەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م