ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی كردە سەر بنكەیەكی ئەسەد

:: AM:10:05:30/11/2016 ‌

سەرچاوە میدیاكان بە خێرایی هەواڵی بۆردمانكردنی بنكەیەكی رژێمی بەعسی سووریا لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بڵاو دەكەنەوە و تا ئێستەش هیچ یەكێك لەم دوو لایەنە قسە لەسەر ئەو بابەتە ناكەن و زانیاری لەبارەوە بڵاو ناكەنەوە.

رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" بڵاوی كردووەتەوە كە فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، چەند ئامانجێكیان لە ڕێگەی نێوان حەلەب و بەیرووت كردووەتە ئامانج و لە نێویاندا كاروانێكی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی حزبوڵا بوونی هەبووە و بە تەواوی بۆردمان كراوە و تێكشكێنراوە.

بەگوێرەی زانیارییە بڵاوكراوەكانی پێگەی ڕەسمی سوپای ئیسرائیل بە زمانی ئینگلیزی ڕوونی كردووەتەوە، كە هێرشە ئاسمانییەكان بنكە سەربازییەكانی رژێمی ئەسەدیان لە دیمەشق كردووەتە ئامانج و كاروانێكی چەك و چەكدارانی حزبوڵاش بە تەواوی تێكشكێنراون.

لەلایەكی ترەوە پێگە و ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكانی سەر بە رژێمی ئەسەد ئاماژە بەوە دەكەن، كە بۆردمانەكان لە ئاسمانی لبنانەوە بۆ سەر بنكە سەربازییەكان ئەنجام دراون و بە وردیش لە سەعات 1:15ی ئەمشەو ڕوویان داوە و خەڵك گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی یەكجار بەهێز بووە.

لە بەرامبەردا ئاژانسی فەرمی رژێمی بەعسی سووریا، تا ئێستە هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەنجامدانی ئەو كردە سەربازییەی ئیسرائیل بڵاو نەكردووەتەوە.

لە دوای دەست پێكردنی ئاڵۆزییەكانی سووریا، ئیسرائیل دەیان هێرشی ئاسمانی كردووەتە سەر بنكە و بارەگاكانی حزبوڵا بە تایبەتی كە ئێستە لە نێو خاكی سووریادان و یارمەتی ڕژێمی ئەسەد دەدەن، لە مانگی نیسان/ئەپرێلی ڕابردووش، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، فڕۆكەكانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن لە هێرشكردنە سەر حزبوڵا و هەرگیز ڕێگە نادەن ئەوان چەكی پێشكەوتوویان دەست بكەوێت.

سەرچاوە/ئەلعەرەبییە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د