چای ڕەش خواردنەوەیەكی جیهانییە و زۆربەی وڵاتانی دنیا بە ڕێژەیەكی زۆر چا دەخۆنەوە و زۆرێك لەگەڵ شیر تێكەڵی دەكەن و شەكری تێ دەكەن و دەیخۆنەوە، زۆرێك لەو باوەڕەدان كە چا هەرچەند بیخۆیتەوە زیانێكی ئەوتۆ بە جەستە ناگەیەنێت، هەندێكیش لەوباوەڕەدان كە خواردنەوەی چا وەك هەموو جۆرە خواردن و خواردنەوەكانی تر زیان و سوودی بۆ جەستەی مرۆڤ هەیە، بەڵام پرسیار لێرەوەیە كە كەی چا زیانبەخش و مەترسیدار دەبێ بۆ جەستەی مرۆڤ.
بەگوێرەی داتا و توێژینەوەكانی نووسینگەی نیشتمانی پزیشكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، خواردنەوەی چا زیانی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، بۆیە ئەوان ڕێنوێنیمان دەكەن كە بەهیچ شێوەیەك چا بە منداڵان نەدەن لە تەمەنی زوودا.
لە تۆمار و ئەتڵەسی پزیشكی ئەمەریكادا هاتووە، كە چا ئەم سوودانەی خوارەوەی هەیە.
یەكەم: گیرانی بۆڕییەكانی خوێن كەم دەكاتەوە و ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی تووشی كێشەی تەندروستی نەبن لە سوڕی خوێندا.
دووەم: بەردی گورچیلە ناهێڵێت، چا بەهۆی پێكهاتەكەیەوە یارمەتیدەر دەبێ بۆ شكاندنی بەردی گورچیلە و كردنە دەرەوە، بۆیە ئەو بەردانەی لە گورچیلەدان بە رێژەی 8% ئەگەری شكاندنیان زۆرتر دەبێ، ئەگەر چا بخۆنەوە.
سێیەم: كاریگەری جەڵتەی دڵ كەم دەكاتەوە، ئەگەر تووشی جەڵتەی دڵ بن، ئەوانەی چا دەخۆنەوە لەوكاتەی تووشی ئەم جۆرەی جەڵتە دەبن كتوپڕ و ڕاستەوخۆ نامرن، بەڵكو یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەی مرۆڤ دوای جەڵتەش لە ژیاندا بمێنێ و بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
چ كاتێك پێویستە دوور كەونەوە لە خواردنەوەی چا؟
پزیشكان و پسپۆڕانی ئەمەریكا نووسیویانە لەم حاڵەتانەی خوارەوە مرۆڤ پێویستە دوور بكەوێتەوە لە خواردنەوەی چای ڕەش، حاڵەتەكانیش بریتین لەمانەی خوارەوە.
یەكەم: ئەوانەی تووشی نەخۆشی كەمخوێنی بوون.
دووەم: ئەوانەی كێشەی دەروونی و دوودڵییان هەیە.
سێیەم: لەكاتی خوێنبەربوونی ناوەوە و دەرەوەی جەستەی مرۆڤ.
چوارەم: ئەوانەی پەستانی خوێنیان بەرزە.
پێنجەم: ئەوانەی نەخۆشیی شەكرە و سكچوونیان هەیە.
شەشەم: ئەو كەسانەی نەخۆشیی قۆڵۆن و داخوڕانی ئێسكیان هەیە.
لە ئەنجامی چەندان ساڵ توێژینەوەی پزیشكانی ئەمەریكا، ئەوان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە ئەو كەسانەی ئەم جۆرە نەخۆشییەیان هەیە، پێویستە لە خواردنەوەی چای ڕەش دوور بكەنەوە، چونكە زیانی بۆیان دەبێت و تەندروستییان بەرەو خراپتر ئاراستە دەكات.
سەرچاوە/ئەلجەزیرە.