وه‌رزی سه‌رما خۆی به‌یان كردووه و خه‌ڵكێك كه جاران بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه، پشتی به كاره‌با و سۆپای نه‌وت ده‌به‌ست، ئه‌مساڵ كاره‌با كه‌م بووه‌ته‌وه و تا ئێسته‌ش دانیشتووانی ناو شاره‌كان، به‌شه نه‌وتی ساڵانه‌یان پێ نه‌دراوه و نرخه‌كه‌شی له‌بازاڕ فڕیوه. بۆیه خه‌ڵك په‌نا بۆ سۆپای غازی ده‌به‌ن و له بازاڕه‌كان فرۆشیان گه‌رمه.
زۆرن ئه‌و دوكانانه‌ی سۆپای نه‌وت و غاز و هیتەری كاره‌بایی ده‌فرۆشن، به‌ڵام له هه‌ولێر زۆرترینیان له بازاڕی شێخ مستەفای (خانەقا)ی ئه‌و شاره كۆبوونه‌ته‌وه. ئۆتۆمبێلی كڕیارانی به‌رده‌م دوكانه‌كان، ڕێگه‌یه‌كی باریكیان هێشتووه‌ته‌وه و به‌رده‌وام له‌و شوێنه ئۆتۆمبێل په‌نگ ده‌خۆنه‌وه. خه‌ڵكێكی زۆر بۆ كڕینی سۆپای غاز له‌و بازاڕه‌ن.
مسته‌فا یه‌كێكه له كڕیاره‌كان و سۆپایه‌كی غازی به ٧٠ هه‌زار دینار كڕیوه. ئه‌و كه دوو سۆپای نه‌وتی له ماڵه‌وه هه‌یه، تا ئێسته پێی نه‌كردوون و ده‌ڵێ "له‌به‌ر بێ نه‌وتی ئه‌و سۆپا غازهم كڕی".
مسته‌فا كه قه‌تره‌یه‌ك نه‌وتی له ماڵه‌وه نییه، پاره‌شی بۆ كڕینی نییه. ئاخر له‌و ته‌نگژه داراییه‌دا نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی كوالیتی مامناوه‌ند، لای به‌ختیاری نه‌وتفرۆش له بازاڕی نه‌وتفرۆشانی سه‌ر ڕێگه‌ی مه‌خموور به ١٤٠ هه‌زار دیناره. ئه‌و چه‌ند ڕۆژه‌ی ڕابردوو، ماڵه‌كه‌ی مسته‌فا به هیته‌ری كاره‌با گه‌رم كراوه‌ته‌وه و ئێسته‌ش كه كاره‌با كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌وی ناچار به‌كڕینی سۆپای غاز كردووه. هاوشێوه‌ی مسته‌فا له‌و بازاڕه كه‌م نین و دۆخی ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر له مسته‌فا خراپتر نه‌بێت باشتر نین.
لە بەردەم هەر دوكانێكی بازاڕی شێخ مستەفا، قەڵایەك هیتەر و سۆپای نه‌وت و غاز لەسەر یەك هه‌ڵدراونه‌ته‌وه، به‌ڵام چاوه‌كان زۆرتریان له‌سه‌ر سۆپای غازه.
دوكاندار نەوزاد كەریم لە پێشەنگای ئیسفەهانی ئەو بازاڕە، باس له فرۆشی زۆری سۆپای غاز ده‌كات و دەڵێ "ئه‌مساڵ له كه‌لوپه‌لی خۆگهرمكردنهوهدا، ته‌نیا سۆپای غاز ده‌فرۆشرێت".
لە دوكانەكەی نەوزاد جۆرەها سۆپا لە چاوەڕوانی كڕیار داندراون و هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێ "خه‌ڵكێكی زۆر ڕوویان له كڕینی سۆپای غاز كردووه و ڕۆژانه ٢٠ دانه‌یه‌ك ده‌فرۆشرێت".
كەمێك ئەولاتر پێشه‌نگه‌ی مام ئه‌سوه‌ده. دابین ئه‌سه‌د مه‌ولود له‌و پێشه‌نگه‌یه ده‌ڵێ "سۆپای غاز فرۆشی زۆره". جیرانه‌كه‌ی دابین، عومەر فارسە له پێشه‌نگه‌ی هه‌ولێر. ئه‌ویش ده‌ڵێ "ئه‌مساڵ به‌س سۆپای غاز ده‌ڕوات". دوكاندار سه‌باح فاروقیش له پێشه‌نگه‌ی ته‌مه‌ن ده‌ڵێ "سۆپای غاز نرخه‌كه‌ی گران نییه و هه‌ر ئه‌ویش ده‌فرۆشرێت".
كاڵاكانی ئەو بازاڕە زۆربەیان دروستكراوی ئێران و چینن. شێوە و قەبارەی سۆپای غاز زۆرن و هەر یەكێكیشیان نرخێكە، كە لە ٦٠هەزار دینارەوە دەست پێ دەكەن تا ٨٠ هەزار. ئه‌و نرخانه كه‌متر بوون، به‌ڵام خواستی زۆره، نرخه‌كه‌ی گران كردووه، كه به‌ر له چه‌ند ڕۆژێك به گوته‌ی دوكانداران، هه‌ر یه‌كێكیان ٢٠ هه‌زار هه‌رزانتر بوون.
له‌و بازاڕه سۆپای نه‌وتیش زۆره، به‌ڵام له‌به‌ر بێ نه‌وتی كه‌س به‌لایاندا ناچێت. ئه‌وان كه نرخیان به پێی جۆریان؛ له ٩٠ هه‌زاره‌وه تا ١٧٠ هه‌زار ده‌بێت، ئه‌مساڵ دابه‌شنه‌كردنی به‌شه نه‌وتی خه‌ڵك ڕه‌زای قورس كردوون.
مسته‌فا ته‌ها به‌ڕێوه‌به‌ری دابه‌شكردنی نه‌وتی هه‌ولێر ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، ئێسته له به‌غداوه نه‌وتمان بۆ دێت و هه‌رچی به‌ده‌ستیشمان ده‌گات، پشكنینی بۆ ده‌كه‌ین و دابه‌شی ده‌كه‌ین. ئه‌و گه‌شبینه به‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی نزیكدا بتوانن به‌رمیلێك نه‌وت بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ن. كه به‌پێی ئاماری ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه، بۆ دابینكردنی ته‌نیا یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌سه‌ر دانیشتوانی سنوری ئه‌و پارێزگه‌یه؛ ١٠٠ ملیۆن لتر پێویسته.
جگه له سۆپای نه‌وت، له‌به‌ر كه‌می كاره‌با؛ ئه‌مساڵ هیتهریش فرۆشی نییه، له‌كاتێكدا پار و پێرار له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ته‌نیا هیته‌ر ده‌فرۆشرا. كه نرخه‌كه‌یان له ١٠ هه‌زاره‌وه بۆ ٥٠ هه‌زار ده‌بێت.
عومەر فارس باس لە پار و پێرار دەكات و دەڵێ "ڕۆژی ٣٥ هیتەرم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا كه‌س لێی ناپرسێت".
ئه‌مساڵ خه‌ڵك بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه، به‌دیلێكی بۆ نه‌وت و كاره‌با دۆزییه‌وه، كه ده‌توانێت به كه‌متر له نۆ هه‌زاری بتڵێك غاز، ده ڕۆژی سه‌رما به‌ڕێ بكات و ڕه‌نگه كاره‌باش باشتر ببێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و خواسته زۆره‌ی سه‌ر سۆپای غاز، ته‌نگژه‌ی غازی به‌دواوه نه‌بێت.
هه‌ولێر-چواس خالید