هاوسەرەكەی.. ڕاژان و خۆشەویستەكەی لە باوەشی یەكتر گرت

:: PM:01:37:07/05/2018 ‌
لە دەڤەری ڕاپەڕین پیاوێك ژنەكەی لە باوەشی نزیكترین هاوڕێی لەناو حەوشەی ماڵەكەی خۆیدا دەبینێت، ژنەكە ڕادەستی ماڵی باوكی دەكات، ئەویش لە ترسی ئەوەی نەیكوژن، بەهاوكاری خۆشەویستەكەی و هاوڕێی هاوسەری لە ماڵی باوكی جێ دەهێڵی و پەنا بۆ خانەی داڵدەدانی ژنانی سلێمانی دەبات و ئێستەیش لەوێ ماوەتەوە و منداڵەكانی لێ سەنراوەتەوە و چارەنووسێكی نادیاری هەیە.

ڕاژان ناوی خوازراوی ئەو ژنەیە كە دوای نۆ ساڵ هاوسەرگیری و بوون بە دایكی دوو منداڵ، ناپاكی لە هاوسەرەكەی دەكات لەگەڵ كوڕێك كە هەم خزمی هاوسەرەكەیەتی هەم نزیكترین هاوڕێیەتی، ئەو ژنە وەك زۆربەی ئەو ژنانەی كە ناپاكیان لە هاوسەرەكانیان كردووە، جۆری ژیان و بێباك و سۆزی هاوسەرەكەی بە هۆكاری تێوەگلانی لەو پێوەندییە دادەنێت، بەڵام ددان بەوەشدا دەنێت لە سەرەتاوە بەویستی خۆی هاوسەرگیری نەكردووە و هاوسەرەكەی خۆشنەویستووە، بۆیە بە دوای دۆزینەوەی ئەو سۆز و خۆشەویستییە گەڕاوە لە پیاوێكی تردا.

ڕاژان ئێستە هیچ چاوەڕوانییەكی نییە تا بگەڕێتەوە ناو خێزانی خۆی و هاوسەرەكەیشی وەری ناگرێتەوە و دوو منداڵەكەی لێ زەوت كردووە، تەنیا چاوەڕوانی ئەوەیە لەگەڵ خۆشەویستەكەی هاوسەرگیری بكات،  لە چاوەڕوانیدایە لە ناو داڵدەدانی ژنان، ئایا لەناو ئەو هەموو كێشەی بۆ خۆی و خێزانەكی دروستی كردووە، دەتوانێت بگات بەوەی زیاتر لە ساڵێكە هەوڵی بۆی داوە؟ یا چارەنووسی بە دیوارە پڕخەمەكانی ژوورە بێ نازەكەی ئەو شەڵتەرەوە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە كە ماوەی چەند مانگێكە شەوی تێدا بە ڕۆژ دەگەیەنێت.

ئەو چیرۆكەی دوو خێزان و نزیكترین هاوڕێ و متمانەی چەند كەسێكی تێك دا ڕاژان لە زمانی خۆیەوە بۆ "وشە" باسی دەكات و دەڵێت، زۆر پەشیمانم لەوەی كارێكی وام كردووە، بەڵام پەشیمانی دادم نادات ئەگەر بمتوانییایە بگەڕێمەوە ئەو كارەم نەدەكرد، هەرچەندە لە ناچاری كاری وام كرد بەڵام ئەو كارەش ناچار و بێ چارەتری كردم لەوەی هەبووم، ئێستە ژیان و منداڵ و ماڵ و باوك و دایك و خوشك و برا و هاوسەرەكەیشم لە دەست دا ، ئەوكات لە ژیانێكی ناخۆش دەژیام، بەڵام ئێستە تاڵترە و چارەنووسێكی  نادیارم هەیە، چارەنووسی منداڵەكانیشم سپاردووە بە ڕەشەبایەكی توندتیژتر لەو گڕەی ناخم دەسووتێنێت.

ئەو گوتی، لە تەمەنی 18 ساڵی بەبێ ڕەزامەندی خۆم بە شوویان دام، باوكی منداڵەكانم كەسێكی زۆر باشە بۆ هەموو كەس، بەڵام بۆ من زۆر خراپ، ڕاستی من و ئەو بۆ یەك نەگونجاو بووین كەسمان خراپ نەبووین، بەڵام دنیامان لە یەكتر جیاواز بوو، ئەو تەنیا دەیویست بۆ ماڵی باوكی من و باوكی خۆشی بسەلمێنێت كە چەند پیاوێكی باشە و زۆر بێ كەموكوڕییە، بۆیە هەرجارێك كە كێشەمان دەبوو یان هەر شتێكی تر نە گفتوگۆی لەگەڵ دەكردم نە هیچ گرنگی بە كێشە و چارەسەرەكەی دەدا منی دەبردەوە ماڵی باوكم و كێشەكەی باس دەكرد، باوكم لەبەر چاوی ئەو منی سووكتر دەكرد، دوای ئەویش دەستی باوكمی ماچ دەكرد و دەیبردمەوە ماڵی خۆمان.

ڕەشاد نزیكترین هاوڕێ و هاوسەرەكەی ڕاژان دەبێت، ئاگاداری هەموو كێشەكانیان و جۆری ژیانیانە، ئەو دەڵێت بەردەوام هەوڵی دەدا چارەسەری كێشەكانمان بكات، بەڵام لەو ماوەیەی دوایی هەردووكمان هەستمان بەرانبەر یەكتر گۆڕا، ئەو خاڵی لاوازی منی دەزانی بۆیە بە ئاسانی دڵی بردم، پێوەندیمان دروست كرد زیاتر لە ساڵێك پێوەندیمان هەبوو، باوكی منداڵەكانم دەیزانی من وەك پێشتر نیم زۆر شتم گۆڕابوو، بەڵام نەیدەزانی هۆكار چییە، تا ئەو شەوەی ڕەشاد هات ماڵئاواییم لێ بكات هەموو شتێك بە كۆتا هات.

ئەو شەوەی هەموو شتێك ئاشكرا دەبێت، ڕاژان لەگەڵ هاوسەرەكەی و منداڵەكانی لە ماڵی خۆیان دەبن، ڕەشاد بڕیارە بۆ بەیانی ئەو شەوە سەفەری ئێران بكات، دەچێت ماڵئاوایی لە ڕاژان بكات، ئەوكاتەی كە ڕاژان بە ناوی چوون بۆ ماڵی دراوسێ دەچێتە دەرەوە هاوسەرەكەی بەدوایدا دەچێت و دەبینێت لە بەشی پشتەوەی حەوشەی ماڵی خۆیان ژنەكەی و نزیكترین هاوڕێی لە باوەشی یەكتردان.

ڕاژان دەڵێت دنیا لە بەرچاوم تاریك بوو، دەمویست زەوی شەق ببێ و بچمە ناوی تەنیا خوا نەیكوشتم ئەگەر نا مردم، شەڕەقسە و زلە و شەق ڕووی دا دواتر منی بە قژ ڕاكێشان خستە ناو ئۆتۆمبێل و بۆ ماڵی باوكم منی بردەوە و لەوێش زۆریان لێ دام و دەیانویست بمكوژن، بۆیە بەیانی زوو لە مال ڕامكرد و ڕەشاد گەیاندمیە داڵدەی ژنان، ئێستە ئاگام لە هیچ نییە كە لە دەرەوەی ئەم شەڵتەرەدا ڕوو دەدات، تەنیا جارێك قسەم لەگەڵ باوكی منداڵەكانم كرد گوتی من سێ بەسێ تەڵاقم داوی و قەتیش چاوت بە منداڵەكان ناكەوێتەوە. ئەگەر نا بە تاوانی ناپاكی هاوسەرگیری دەتانخەمە گرتووخانە، منیش بە بێ چارەیی ئێستە هەر دانیشتووم و چاوەڕوانی چارەنووسێكی ڕەشتر لەوەی ئێستە دەكەم.

هەولێر/ئیڤان عەبدوڕەحمان.


وشە - باز ئه‌حمه‌د