بەرپرسانی گەندەڵی كەرتی نەوت لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكرێت

:: PM:01:30:30/11/2016 ‌

ئەندامێكی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كرد، لەلایەن پەرلەمانەوە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی كەرتی نەوت پێك هێنراوە و دوای تەواوبوونی پشووی زستانەی پەرلەمانیش، بەرپرسانی تۆمەتبار لە كەرتی نەوتی عێراق، بانگهێشتی لیژنەكە دەكرێن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

ئەردەلان نووردەین ئەندام لە لیژنەی لێكۆڵینەوە لە گەندەڵییەكانی كەرتی نەوتی عێراق بە"وشە"ی ڕاگەیاند، كارەكانی لیژنەكە بەردەوامن و تا ئێستە چەند كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام داوە و ئەمڕۆش دوا كۆبوونەوە دەكەین بۆ دیاریكردنی میكانزیمی بانگكردنی بەرپرسە تۆمەتبارەكانی كەرتی نەوتی عێراق بە تێوەگلانیان لە دۆسییەكانی گەندەڵی، دوای دانانی میكانیزمەكان، نووسراو ئاراستەی بەرپرسە تۆمەتبارەكان دەكرێن تا لە دوای پشووی زستانە لە پەرلەمان بۆ لێكۆڵینەوە ئامادە ببن.

هەروەها گوتی، تا ئێستە حەوت بەرپرس لە وەزارەتی نەوت تۆمەتبارن و گەندەڵییان لە كەرتی نەوت ئەنجام داوە، لە نێویاندا وەزیری پێشووی نەوتی عێراق حوسێن شەهرستانی بوونی هەیە و تۆمەتبارە و لە سەردەمی ئەودا گەندەڵییەكان لە كەرتی نەوت ئەنجام دراون.

ئاماژەی دا، ئەو بەڵگانەی ئەو بەرپرسانەیان پێ تۆمەتبار كراوە، زۆر بەهێزن و لەلایەن ڕێكخراوەكانەوە بڵاو كراونەتەوە، دوای ئەوەی چوونەتە نێو ئیمەیڵی یەكێك لە بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق، تەواوی ئەو بەڵگانەیان دەست كەوتووە، گرنگترین بەڵگەكانیش گرێبەستێكی نێوان وەزارەتی نەوت و كۆمپانیایەكی ئوستراڵییە كە لە بواری نەوت كار دەكات.

جێی باسە، ماوەیەك پێش ئێستە پەرلەمانی عێراق لە ئەندامی لیژنەی یاسایی و دەستپاكی و دارایی و ئابووری، لیژنەیەكی بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو بەڵگانە پێك هێنا كە باس لە تێوەگلانی ژمارەیەك بەرپرسی وەزارەتی نەوتی عێراق بە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی دەكەن.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم.


وشە - باز ئه‌حمه‌د