شێخێك دوو خۆشەویست لە یەك دەكات

:: PM:02:13:09/05/2018 ‌

شێخێك لە هەولێر دوای ئەوەی كوڕەكەی ماوەی شەش ساڵ پێوەندی لەگەڵ كچێك دەبێت، ڕازی نابێت هاوسەرگیری بكەن و دەڵێت "ئێمە ماڵی شێخین نابێت كچێك بێنین كە لە خێزانێكی شێخ یا سەید نەبێت." ئەو كچە بەهۆی تێكچوونی ئەو پێوەندییەوە ژیانی تاڵ بووە و دەڵێت ئەوان بەس بەناو شێخن و خۆیان بە باش دەردەخەن، كەچی لە ناوخۆ خراپن.

نیان لە قۆناغی یەكەمی زانكۆ ئاودێر دەناسێت، پێوەندیی خۆشەویستی لە نێوانیان دروست دەبێت و بەڵێن بەیەكتر دەدەن دوای تەواوكردنی زانكۆ هاوسەرگیری بكەن، بەڵام ئەوەی ئەوان پلانی بۆ دادەنێن بەهۆی باوكی ئاودێرەوە ڕوو نادات، دوو ساڵ دوای زانكۆ دوای چەندان كێشە و گرفتی گەورە ئەو پێوەندییە بەزۆری باوكی ئاودێر كۆتای دێت.

 نیان دەڵیت ئەو كوڕە شێخەی لەبەر ناوبانگی باوكی نەیتوانی هاوسەرگیری لەگەڵ من بكات چونكە كچی شێخ و سەید نیم، ئێستە هەموو شەوێك بەسەر خۆشی تەلەفۆنم بۆ دەكات تا بەیانی بەگریانەوە دەپاڕێتەوە پێوەندییەكەمان بەردەوام بێت تا باوكی دەمرێت ئەوكات هاوسەرگیری بكەن.

بەپێی قسەكانی نیان باوكی ئاودێر گوتوویەتی بێبەری دەكات ئەگەر هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو كچە بكات و هەر دەبێ كچی شێخێك بهێنێت، نیان باسی چیرۆكی خۆشەویستی خۆی  بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، لەگەڵ كوڕە شێخێك ماوەی شەش ساڵ ئەوەی هەمبوو نەمبوو بەخشیم، بەڵام نازناوی باوكی ژیانی هەردووكمانی وێران كرد، ناوێك كە تەنیا لە چواردەوری باوكی دەسووڕێتەوە و تەنانەت ئاودێر خۆی بێزار بووە لە هەموو ئەو قەدەغەكراوانەی بەدزییەوە ئەنجامیان دەدا.

نیان باس لە هەڵوێستی ئاودێر دەكات دوای ئەوەی باوكی بابەتی هاوسەرگیرییانی ڕەت كردووەتەوە و دەڵێت، هەموو هەوڵێكی دا بۆ ئەوەی بەیەك بگەن، هەمیشە پێم دەڵیت ئەوەی باوكم پێی دەنازێت زۆر جیاوازە لەوەی راستییەكەی لەماڵی ئەواندا هەیە دایكی و خوشكەكانیشی دەیانەوێت ئەو هاوسەرگیرییە بكرێت، بۆیە چەندان جار داوای كردووە مالی خاڵی و پووری بنێرێتە داوای و ئامادەیی دەربڕیوە كە واز لە هەموو شتیك دێنێت، بەڵام ماڵی باوكی نیان  بەو هاوسەرگیرییە ڕازی نین و دەڵێن "كچی خۆمان بە سەربەرزی و ڕەوشتەوە پەروەردە كردووە، دەبێت بەسەربەرزی بڕوات و دەبێت شێخ بە مەمنوونییەوە بێتە داوای".

نیان ددان بەوەدا دەنێت كە دەیەوێت هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەكەی بكات تا ئەگەر بە حاشاكردن لەماڵی باوكی هەردووكیان بێت، بەڵام ترسی گەورەی لەوە هەیە ماڵی باوكی لەدەست بدات، لە داهاتوودا باوكی ئاودێر ژیانیان تێك بدات، ئەوكات بێلانە و كەس دەمێنێتەوە، ناشیشارێتەوە كە متمانەی تەواوی بە ئاودێر نییە بتوانێت بۆ تاهەتایە لە بێكەسیدا بیپارێزێت و دەڵێت خۆشەویستی زۆر جار بەس نییە بۆ پێكهینانی ژیانێكی ئاسوودە.

 نیان دەڵێت لەگەڵ ئاودێردا كۆتای بەهەموو شتێك هێناوە و پێی گوتووە ئیتر دەبێت جیا ببنەوە، بەڵام ئەو وەك شێتی لێ هاتووە هەموو شەوێك بە سەرخۆشی تەلەفۆن دەكات، هەندێك جار هاوار دەكات هەندێك جار دەگریێ و دەپاڕێتەوە... "من تێناگەم لەناو ماڵێك كە ماڵی خۆیان بە لانەیەك بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەزانن و دەڵێن خەلیفەی خوان، لەسەر ئەرز چۆن ئەو هەموو كێشەیە هەیە و كوڕەكەیان خەریكە لە دەست دەچێت؟ ئایا ئەوە دەرخستنی دیوی راستەقینەیانە یا خۆشاردنەوەیە لە ژێر ناوی ئاین!؟ ئەوانە و چەند پرسیارێكی تر هەن كە لەژێر چەند ناوی جیاوازدا ئەمڕۆ خەڵكی پێ فریو دەدرێت و جۆرەها كەسی وەك و منی تێدا دەبێت بە قوربانی."

وشە/ ئیڤان عەبدوڕەحمان




وشە - سلێمان تاشان