هەڵگەڕانەوەی هێز.. تاران لە مەرگ نزیك دەكاتەوە

فشارەكانی ئیسرائیل چڕبوونەوە و كاری خۆیان كرد لە ڕەتكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەلایەن ئەمەریكا و دووبارە سەپاندنەوەی سزای زیاتر و قورستر بەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێران، پێوەندی و پێوەستبوونێكی تەواو هەیە لە نێوان بڵاوكردنەوەی بەڵگەنامەكانی مۆسادی ئیسرائیل لەبارەی چەكی ئەتۆمی ئێران، كە لە ڕۆژانی ڕابردوو بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل خستیە ڕوو، هاوكات گفتوگۆی چڕ لە نێوان سەركردەكانی ئیسرائیل و حكوومەتی ترەمپ هەبوو، بە ئامانجی ڕاگەیاندنی خێرایی كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنەكە و سەپاندنی سزای زۆرتر بەسەر تاران.

گەشانەوەی ئێران
ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران دنەدانێكی زۆری لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە بۆ دروست كرا و بە سەركەوتنێكی گەورەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەژمار كرا، مافی ئەوەی بە ئێران دا بەرنامە ناوكییەكەی بۆ مەبەستی ئاشتی بەكار بهێنێت، جیا لەوەیش هەڵمەتەكانی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی ناوكی جیا لە مەبەستی سەربازی بێنێتە بەرهەم، لە بەرانبەریشدا سزاكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەسەر ئێران هەڵدەگیرێن.

واشنتن جیاوازی لە نێوان سزاكانی بۆ سەر ئێران بەهۆی بەرنامەی ناوكیی تاران و سزاكانی بەهۆی پشتیوانی ئێران بۆ تیرۆر و پێشێلكارییەكانی بەرانبەر مافی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی دراوسێكانی جیا كردەوە، ئەمەیش ڕای گشتی ئێرانی تووشی نیگەرانی كرد، چونكە ئەوان بە دەست تەنگژەی ئابوورییەوە دەیانناڵاند، بۆیە سەرەڕای ئەوەی ڕژێمی ئیسلامی دەیویست ببێتە هێزێكی خاوەن چەكی ئەتۆم، بەڵام بە سزادانی ئێران، خەڵكەكەی ئازاریان چەشت، نەك ڕژێمی تاران، لە كۆتادا تاران كەمێك بەرنامە ناوكییەكەی دواخست، بۆ ئەوەی سزاكانی لەسەر لا بچێ، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا فشاری لەسەر هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی دروست كرد، بۆ ئەوەی بە هێواشی پرۆسەی هەڵگرتنی سزاكان لەسەر ئێران بەڕێوە بچێ، بۆیە ئەمە رای شەقامی ئێرانی بە تەواوی تووڕە كرد و خەڵكی بەردەوام بوون لە قوربانیدان، بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانیش وەستا.

بۆیە ناڕەزایی و خۆپێشاندانی گەورە لە سەدان شاری ئێران دژی دۆخی ئابووری وڵات دەستی پێ كرد و سەركۆنەی ڕژێمی ئێران كرا، دووپاتیان لەوە كردەوە كە ڕێككەوتنی ئەتۆی ئەو سەركەوتنە گەورەیە نەبوو كە تاران بانگەشەی بۆ دەكرد.

تێچوونی كشانەوە
تا ئێستەیش تاران دەستی بە ڕێككەوتنی ئەتۆمی گرتووە و دەسبەرداری نەبووە، سەرەڕای ئەوەی ترەمپ لە ڕێككەوتنەكە كشاوەتەوە، بەڵام حەسەن روحانی سەركۆماری ئێران دووپاتی لەوە كردەوە، تاران لە ڕێككەوتنەكە بەردەوام دەبێ لەگەڵ پێنج وڵاتەكەی تری ناو ڕێككەوتنەكە، ئەگەر پابەندی بن، ئەو لێدوانەی روحانی وەك ئەوە وایە تاران بیەوێ ناكۆكی و لەتبوون لە نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی دروست بكات، ئەمەیش وەك هەلێك بقۆزێتەوە بۆ خزمەتكردنی ئێران، بەڵام هەر لە سەرەتاوە تاران ئەوەی دەزانی كە وڵاتانی ئەوروپا هیچ كات ناتوانن ڕێ لە واشنتن بگرن ڕێككەوتنەكە هەڵبوەشێنێتەوە.

جیا لەوەیش هەوڵی ئەوروپییەكان بۆ مانەوە لە ڕێككەوتنەكە سەرەڕای كشانەوەی ئەمەریكا بنەمایەكی ڕاستی لە پشتەوە نییە، ئەوان دەیانەوێ لەلایەكەوە تاران و پێنج وڵاتەكە پابەندی ڕێككەوتنەكە بن و تیمەكان سەردانی وێستگە ئەتۆمییەكان بكەن، لەلایەكی ترەوەیش ئەمەریكا بە ویستی خۆی و ئازادانە سزای قورس بەسەر تاران بسەپێنێت، بێ ئەوەی هیچ كاردانەوەیەكی توندی لێ بكەوێتەوە و پرسی ڕێككەوتنی ئەتۆمی ببێتە باسی گەرمی نێوان تاران و واشنتن.

تیۆری بەرپەرچدانەوەی ئێران
ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی هێرشی سەربازی دەكردە سەر بنكەكانی ئێران لە سووریا و هەڵمەتی هەواڵگری زۆری بۆ دزینی بەڵگەنامەی 25ی ساڵی ڕابردووی پڕۆژەی ناوكیی ئێران ئەنجام دا و  بەڵگەكان بۆ ئیسرائیل گوێزرانەوە، بۆ ئەوەی بتوانێ گورزێكی گەورە بوەشێنێ و بە توندی بەرپەرچی ئێران بداتەوە، لەو كاتەی بەشێوەیەكی تایبەت هەردوولا ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە، لە كاتێكدا ماوەی چەندان ساڵە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ شەڕ دژی یەكتر دەكەن.

لە ڕێی شاردنەوەی بەرنامەی ناوكی لەلایەن ئێرانەوە لە ئیسرائیل و وڵاتانی تر، بەڵام لەو جەنگە مۆسادی هەواڵگری ئیسرائیل و وڵاتانی زلهێز سەركەوتن و توانییان وردترین بەڵگەنامە لەسەر بەرنامە ناوكییەكە و ویستەكانی تاران بۆ دەسكەوتنی چەكی ئەتۆمی دەستەبەر بكەن، خاڵێكی تر نەمانی فشارەكانی ئیسرائیلە لەسەر واشنتن، بۆ ئەمە ئیسرائیل نەیتوانی بڕوا بە واشنتن بێنێ تا بە تەنیا یان بە هاوبەشی هێرش بكەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، هاوكات نەیتوانی ڕێ لەوەیش بگرێ ئەمەریكا نەچێتە ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ئۆباما نەهاتە ژێر فشارەكان و چووە ناو ڕێككەوتنەكەوە، لەمەیاندا ئێران سەركەوت.

سێیەم پرسی فرەوانخوازی ئێران لە ناوچەكە، ڕێككەوتنی ئەتۆمی هیچ ڕێگرییەكی لە تاران نەكرد، بۆ كەمكردنەوەی دەستوەردان و فرەوانخوازییەكانی تاران لە وڵاتانی دراوسێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵكو ئێران بەهۆی ڕێككەوتنەكەوە توانی بە تەواوی پەل بۆ وڵاتانی تر بهاوێ و چەك و هاوكاری و كەلوپەلی جەنگی بگەیەنێتە دەستی حزبوڵای لبنان و بزووتنەوەی حەماس و میلیشیا شیعەكان لە عێراق و سووریا بە بیانووی لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش. 

گۆڕانی هاوسەنگی هێز
لەگەڵ هاتنی ترەمپ بۆ سەر تەختی دەسەڵات لە ئەمەریكا، هاوسەنگی هێز بۆ بەرژەوەندی تەلئەبیب شكایەوە، بۆیە ئەگەر ترەمپ لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیش نەكشابووایەتەوە، بێگومان ڕێككەوتنی ئەتۆمی وەك خۆی نەدەمایەوە، چونكە ترەمپ فشاری زۆری لەسەر ئەوروپییەكان دروست كرد، تا هەمواری ڕێككەوتنەكە بكەنەوە و پرسی دەستوەردان و مووشەكی بالیستی بخەنە ناو ڕێككەوتنەكەوە.

هەرچۆنێك بێ جووڵەكانی ترەمپ بۆ پشتیوانكردنی ئیسرائیل لە كۆتادا ناكۆكی زۆر لە نێوان باڵە دەسەڵاتدارەكانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران دروست دەكات، كە باڵی ریفۆرمخوازان و پاسدارانن و بە توندی و سەرسەختانە دژی یەك وەستاونەتەوە، جیا لەوەیش گەیشتنی مۆساد بەناو جەرگەی ئێران و دەسكەوتنی سەدان بەڵگەنامە و هێنانەوەی بۆ ئیسرائیل، دووبارە لاوازی تاران بەرانبەر بە وڵاتانی ناوچەكە و ئێرانیش پێشان دەدا، كە بەرانبەر ئیسرائیل چەند لاواز و بێتوانایە لە ڕووی هەواڵگرییەوە بە تایبەتی.

لە كۆتادا هەوڵی ئێران لە بەكارهێنانی بریكارە ناوچەیییەكانی بە تایبەت حزبوڵا و بزووتنەوەی حەماس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاران هیچ ڕۆڵێكی نامێنێ، بەڵكو پرسەكە لە چەك و شەڕكردنی گرووپێك چووەتە دەرەوە، بەڵكو ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران دۆسیەیەكی نێودەوڵەتییە و وڵاتان پێوەی پێوەستن، لە هەموو حاڵەتەكان ڕێككەوتنی ئەتۆمی دادەڕمێ، گرژییەكان بە تەواوی توند دەبنەوە و سزای زۆرتر بەسەر تاران دەسەپێ و ئەمەریكا و ئیسرائیل بە هەڵوێستی زۆر یەكگرتوو دەردەكەون و ڕووبەڕووی تاران دەبنەوە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:03:10:09/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 12913 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌