منداڵەكانی سەرۆكی وڵاتی چیچان رەمەزان قایرۆڤ، كە ناویان ئەحمەد و ئیلی و ئادەمە و ئەوەی یەكەمیان تەمەنی 11 ساڵە و دووانەكەش تەمەنیان نۆ ساڵە، هەستاون بە كردنە دیاری ئۆتۆمبێلێكی گرانبەهای جۆری Porsche Panamera بۆ راهێنەرەكەیان.
عەبدولكەریم ئیدیلۆڤ، راهێنەری بواری زۆرانبازییە و راهێنانی تایبەت بەو سێ منداڵەی سەرۆكی چیچان دەكات و ئەوانیش لە رۆژی لە دایكبوونی عەبدولكەریمدا، هەستاون بە پێشكەشكردنی ئەو ئۆتۆمبێلە وەك دیارییەك بۆ ئەو بۆنەیەی راهێنەرەكەیان.
راهێنەرەكەی زۆرانبازی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، هەواڵەكەی پشتڕاست كردووەتەوە و دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە ئەو ئۆتۆمبێلەی لە رۆژی لە دایكبوونیدا وەك دیارییەك لەلایەن منداڵەكانی سەرۆكی وڵاتەوە پێ دراوە.
جێی ئاماژەیە، ئەو ئۆتۆمبێلە جۆرێكی وەرزشیی سەرنجڕاكێشە و نرخەكەی لە پێنج ملیۆن رۆبڵەوە دەست پێ دەكات (كە دەكاتە نزیكەی 78 هەزار دۆلار).
سەرچاوە: سپوتنیك