لە ترسی هاوسەرەكەی منداڵكەی دەبات سەری هەڵدەگرێت

:: PM:10:05:10/05/2018 ‌

لە دەڤەری راپەڕین پیاوێك دوای جیابووەنەوەی لە خێزانەكەی هەوڵی ئەوەی داوە منداڵەكەی لە دایكی زەوت بكات، بەڵام دایكی منداڵەكە بە پلانەكەی دەزانێت، بۆیە لەگەڵ براكەی كە لە دەرەوەی وڵاتە ڕێك دەكەوێت پێش ئەوەی باوكەكە ئەو كارە بكات ژنەكە كوڕەكەیان دەبات و دەچیتە دەرەوەی وڵات بۆلای براكەی، ئێستا لە گەڵ براكەی و منداڵەكەی لە دەرەوەی وڵات دەژین، باوكی منداڵەكەش هەڕەشەی لە ماڵی باوكی ژنەكە كردووە كە ئەگەر كوڕەكەی نەگەڕێننەوە كاردانەویە خراپی دەبێت.

دایكی ئەو منداڵە لە ڕێگەی سكایپەوە پێوەندی بە "وشە" وە كرد و باسی چیڕۆكی خۆی و كورە تاقانەكەی كرد و گوتی ئەو خاك و نیشتیمانەی لەگیانی خۆمم خۆشتر دەویست، لەپێناوی نامەردی پیاوێك كە چەند ساڵێك بە ناوی هاوسەریەتییەوە لەگەڵی ژیام، ناچار بووم جێی بێڵم تاوەكو لەگەڵ كورەكەمدا بژیم و جەرگ سووتاو نەبم، چونكە دڵنیابووم لەگەڵ ماڵی باوكیدا بەهەر شێوەیەك بوایە كوڕەكەیان لێ زەوت دەكردم، بۆیە هەرچی شتم هەبوو لەدوای خۆم جێم هێشت و هاتمە غەریبی.

(ماریا)، ئەو ژنەیە كە لەپێناو دوور نەكەوتنەوە لە منداڵەكەی هەموو كەسوكار و نیشتیمانی خۆی جێ هێشتوە و ڕووی لە دەرەوەی وڵات كردووە، ماڵی باوكی ماریا جگە لە برا گەورەكەی كە لە دەرەوەی وڵاتە، هیچیان ڕازی نەبوون بەو كارەی كە كچەكەیان كردوویەتی بۆ ئەوی ئەو كارە نەكات چەند جار ڕووبەڕووی كێشەیان كردووەتەوە، بەڵام براكەی هاوكاری كردووە.

لەباسی ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ (شێروان)، ماریا گوتی، هاوڕێی كاری براكانم بوو كاتێك هاتە داوام باوكم و براكانم زۆر بەشان و باڵی هەڵیان دا و منیان پێی دا هەر ئەوەی پێیان هەڵدا، ئێستا هەڕەشەیان لێ دەكات، شێروان دەیویست من دانیشم لە مال و خزمەتی خۆی و مەتبەخەكەی بكەم، منیش ئەوەم نەدەتوانی ماوەی هەشت سال كارمەندبووم من كچی دەرەوە بووم  لە ١٨ ساڵییەوە  ئەو كاتەی قوتابی بووم كارم دەكرد، زۆر حەزم لە كاركردن و تێكەڵبوون بوو، ئەو هەموو شتێكی بەتەواوی پێچەوانەی من بوو، بۆیە هەموو كێشە بچووكەكان زۆر بەزووی گەورە دەبوون، گەورەبوونێك گەیاندیانی بە جیابوونەوە.

ماڵی باوكی ماریا هەمیشە هۆكاری كێشە و ناكۆكییەكانیان خستووەتە پاڵ كچەكەیان و پێیان گوتووە شێروان پیاوێكی نمونەییە بەڵام تۆ ناتوانی بگونجێی هەزار كەس تەمەنای شێروان دەكات تۆش ناتەوێت، ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە كە هەمیشە ویستوویەتی بە ئاسودەی لەگەل هاوسەرەكەیدا بژیت بەتایبەت دوای ئەوەی بوون بە خاوەن منداڵێك، بەڵام بەهۆی كێشە بەردەوامەكانیانەوە نەیان توانیووە، ماریا ئاماژە بەوە دەكات زۆربەی پیاوانی كورد ئەەندەی دەیانەوێت ژنەكانیان لە مەتبەخ و ژووری نوستن بێت، ئەوەندە نایانەوێت لە دەرەوە بێت و كار بكات و شانازی بە كەسایەتی خۆی بكات.

لە درێژەی باسكردنی ژیانی ماریا گوتی، كێشەكان زیاتر دەبوون و ئەویش خراپتر ئیتر لە قسە پێگوتن و سووكایەتیكردن دەرچوو، كار گەشتە لێدان تەنیا لەمنی نەدەدا، بەڵكو لە كوڕەكەشمانی دەدا، گەشتینە ڕادەیەك ژیانمان بەیەكەوە مەترسی هەبوو بۆ گیانی من و كورەكەمان، بۆیە چوومەوە ماڵی باوكم و گوتم یان بمكوژن یان مەڵێن دەبێت لەگەڵی بژیت، بە هەزار دەردەسەری و سووكاتەی ڕازیبوون تاوەكو لێی جیابوومەوە، هێشتا هەر لەلای مەلا تەڵاق دراوم، چونكە پێش ئەوەی بگەینە دادگا زانیم پلانی ئەوەی هەیە بەهەر جۆرێك بێت كوڕەكەم لێ ببات.

كاتێك ماریا بەو پلانە دەزانێت ماڵەوایان ئاگادار دەكاتەوە لەوەی كە دادگا لە دوو كاتدا منداڵ دەدات بە باوك ئەویش (كاتێك دایكەكە منداڵەكەی ناوێت یان ئەگەر دۆسیەی شەرەفی هەبێت)، بەڵام ماڵەوەیان گوێی پێ نادەن، بۆیە پێوەندی بە براكەی دەكات ئەویش بەهانایەوە دێت، ماڵی باوكی ڕازی نابن بەوەی ماریا لەگەڵ منداڵەكەی بڕوات، بەڵام براكەی دێتەوە كوردستان و لەگەڵ خۆیانی دەبات، ماریا ئاماژەی بەوە كرد كە براكەی دوای گەشتنیان پێوندی بە شێروان كردووە و پێی گوتووە هەركات ویستت دەتوانی پێوندی بە كورەكەتەوە بكەی، بەڵام ئەو هەڕەشەی كردووە.

ماریا نایشارێتەوە كە ئەو كارەی ئەو باشترین ڕیگە چارەسەر نییە، دان بەوەشدا دەنێت كە ئەو كارەی ئەویش زەوتكردنی كوڕ و باوكە، بەڵام بەجۆرێكی تر، چونكە ئێستا كوڕەكەی داهاتووی باشترە لەوەی لە ناو ماڵی باپیری چەند شێوە پەروەردە بكرێت، ئەوەش دووپات دەكاتەوە كە ئێستا خۆی پێوەندی دەكات بەهیچ شێوەیەك ڕێگر نییە لەوەی كوڕەكەی لەگەڵ باوكی پێوەندی هەبێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل