ناپاکی کرد و کچ و هاوسەرەکەی لە دەست دا

:: PM:04:04:12/05/2018 ‌

 


محەمەد و ساوێن دوای دووساڵ لە پێوەندی خۆشەویستی هاوسەرگیری دەکەن و ماوەی شەش ساڵ پێکەوە دەژین و دەبن بە خاوەنی کچێک، بەهۆی هەبوونی پێوەندی خۆشەویستی ساوێن لەگەڵ پیاوێکی تردا، لەیەکتری جیا دەبنەوە، بەڵام لەدوای جیابوونەوەشیان ساوێن ڕیگە نادات مەحمەد دووبارە هاوسەرگیری بکاتەوە و ڕوبەڕووی چەندین کێشەی جیاوازی دەکات تائەوکاتەی رووی ڕاستەقینەی ساوێن بۆ هەمووان  ئاشکرا دەبێت.

 

 

مەحمەد یەکێکە لەو پیاوانەی کە بەهۆی ناپاکی خێزانەکەیەوە ژیانی خێزانی تێکچووە و ڕووبەڕووی چەندین کێشەی جیاواز و توانج و قسەی خەڵک و کۆمەڵگە بووەتەوە، ئەو دەیەوێت لە ڕێگەی "وشە" وە باسی چیرۆکی خێزانی  بکات و دەڵێت ئەوەی ڕووبەڕوی ناپاکی و سووکایەتی دەبێتەوە تەنیا ئافرەت نیە بەڵکوو زۆرن ئەو پیاوانەی کە ژیانیان بەهۆی خراپیی ژنەکانیان تێکچووە.

 

 

چەند مانگێک پێش ئەوەی محەمەد و ساوێن لەیەک جیاببنەوە، محەمەد مۆبایلی شاراوە لە ساوێن دەگرێت، کێشە دەکەوێتە نێوانیان بەڵام دواجار ساوێن دانی پێدادەنێت و دەڵێت هەڵەیەکی کردووە و جارێکی تر دووبارەی ناکاتەوە، بەڵام وەک محەمەد باسی دەکات ئەوە تەنیا قسەیەک بووە و ئەوی پێ هەڵخەڵەتاندووە، چونکە دوای ماوەیک لەو ڕووداوە  لەگەڵ پیاوێکدا لە ماڵەکەی خۆیدا دەیگرێت.

 

 

محەمەد باس لە ڕووداوەکە دەکات و دەڵێت "لە کۆمپانیا هەفتەی جارێک بە شەوان دەوام هەبوو خەفەر بووم، ئەو شەوە هەندێک تەندروستیم باش نەبوو زووتر گەڕامەوە کاتێک گەیشتمەوە، زۆر لەدەرگام دا هەر نەیکردەوە چەندی پێوەندیم پێوە کرد هەر وەڵامی نەبوو و ناچار ویستم لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمەوە بچمە ژوورەوە بەڵام لەوکاتەدا دەرگای خوارەوە کرایەوە و پیاوێکم بینی بەڕاکردن ماڵەکەی جێهێشت، زۆر دوای کەوتم بەڵام پێم نەگیرا،گەڕامەوە زۆرم هەوڵ دا کەسەکە بە خێزانەکەم ئاشکرا بکەم بەڵام ئاشکرای نەکرد و دانی پێدانا لەوەی پێوەدنی لەگەڵ پیاوەکە هەبووە و یەکەم جاریشی نەبووە بێتە ماڵیان."

 

محەمەد و ساوێن لەیەکتری جیادەبنەوە، ئەو دەڵێت کەسوکاری ساوێنی لەو کارە ئاگادار کردووەتەوە بەڵام باوەڕیان پێ نەکردووە و گوتوویانە تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستی، چونکە ساوێن لەلای ئەوان حاشای دەکرد و لەلای ئەویش دەیگوت  بەڵی کردوومە و لەسەریشی بەردەوام دەبم و هەر بۆیەش تەڵاق دەدرێ.

 

رێککەوتنەکەیان ئەوە بووە کچەکەیان هەر ماوەیەی لای یەکێکیان بێت بەڵام دوای ماوەیەک کچەکە هەر بابی هەڵدەبژێرێت چونکە دایکێکی خراپ بووە بۆی.

 

سێ مانگ دوای جیابوونەوە کچەکەیان لەلای ساوێن دەبێت و لەبەردەرگای ماڵی باوکی سەیارە لێی دەدات، دوای ئەوی دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و نەشتەرگەری بۆدەکرێت، ساوێن دەگاتە نەخۆشخانە پاساوی بۆ داخستنی مۆبایلەکەی و درەنگ کەوتنی ئەوە بووە کە چۆتە چاوپێکەوتنی کار و مۆبایلەکەی شەحنی نەماوە، بەڵام محەمەد جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو لە گەڵ یەکێک لەو کەسانە بووە کە پێوەندی لەگەڵیان هەیە، لەدوای ئەو ڕووداوە کچەکەیان بۆ هەمیشە دەچێتەوە لای باوکی و هەفتانە دایکی تەنیا بۆ چەند سەعاتێک دەتوانێت بیبینێت.

 

لەبەرامبەر ئەو کارەدا ساوێن تۆڵە لە باوکی کچەکەی دەکاتەوە، ئەوکاتەی محەمەد دەیەوێت هاوسەرگیری دووەم بکات، ساوێن لەدوای مارەکردن چەند جارێک  دەچێتە سەرماڵی باوکی کچەکە و سووکایەتیان پێ دەکات و هەڕەشەی ئەوە دەکات ببێت بەژنیشی ژیانیان وێران دەکات، ماڵی باوکی کچەکە محەمەد ناچاردەکەن کچەکەیان تەڵاق بدات، ئەو دەڵێت ساوێن ژنێکە هیچ کەس دەرەقەتی زمان و کردەوەکانی نایەت ماڵی باوکیشی زیاد لە پێویست متمانەیان پێی هەیە.

 

دواجار ساوێن متمانەی لەدەست دەدات و  ڕاستیەکانی ئەو ناپاکییەی کردبووی ئاشکرا دەبن. محەمەد ئاماژە بەوە دەکات ساوێن شەو  و ڕۆژ پێوەندی پێوە کردووە و گوتوویەتی بەبێ ئەو ناژی و با دووبارە هاوسەرگیری بکەینەوە. ئەو دڵی نەرم بووە دووبارە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکاتەوە بەڵام پێش هاوسەرگیرییەکە ساوێن دەگەیەنرێتە نەخۆشخانە و مندالیکی لەبار دەچێت و رووی راستەقینەی بۆ هەموو کەس ئاشکرا دەبێت.

 

 

 

لەدوای ئەو ڕووداوەی بەسەر ساوێن دێت کێشەی زۆر دەکەوێتە ماڵیان و براگەورەکەی دەڵێت دەیکوژین، بەڵام ماڵی باپیری ڕێگە نادەن و لەناو خۆیاندا کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەن، محەمەد ئێستە پەشیمانە لەهەموو ئەو ڕۆژانەی لەگەڵ ساوێن ژیاوە و بۆیەش دەڵێت "راستە من پیاوم بەڵام ساویلکە و بێدەسەڵاتی دەستی ژنێ کبووم کە زیاتر لە چەند جار خەڵەتاندمی و بەکاری هێنام، ئێستە بڕوام بەهیچ ئافرەتێک نەماوە ، تەنیا دەمەوێت کچەکەم بەشێوەیەک پەروەردە بکەم کە ڕێچکەی دایکی نەگرێت."

 

هه‌ولێر/ئیڤان عه‌بدوڕه‌حمان




وشە - سلێمان تاشان