كلاسیكۆ.. پڕ بینەرترین رووداوە لەسەرتاسەری جیهان

:: AM:10:02:01/12/2016 ‌

بەشی زۆری دانیشتوانی جیهان بەتاسەوە چاوەڕێی رۆژی شەمووی داهاتوو دەكەن كە وادەی بەڕێوەچوونی گەورەترین رووداوی وەرزشی و جیهانییە ئەویش یاریی كلاسیكۆی گەڕی 14ی خولی پلە یەكی ئیسپانیایە لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید.

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان تا ئێستا یاریی كلاسیكۆ بەگەورەترین رووداوی سەر زەوی دادەنرێ و زۆرترین بینەریش لەسەرتاسەری جیهان هەیە.

یاریی كلاسیكۆی وەرزی رابردوو كە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەڕێوە چوو و تێیدا یانەی ریال مەدرید بە 1-2 گۆڵ لە یانەی بەرشەلۆنەی بردەوە، زیاتر لە 400 ملیۆن كەس لەسەرتاسەری جیهان سەیری كردووە، ئەمەش لە بینەرانی سەرجەم رووداوە سیاسی و هونەری و تەنانەت وەرزشەكانی تری جیهانیش لە ساڵی 2016 زیاتر بووە.

یاریی كلاسیكۆ لەنێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید ئێستە تەنیا لە چوارچێوەی رووداوێكی وەرزشی نەماوەتەوە و بەڵكو بووەتە ركابەرییەكی سیاسی گەورەش لەنێوان مەدریدی پایەتەختی رەمزی دەسەڵات لە ئیسپانیا و هەرێمی كەتەلۆنیا كە ماوەیەكی زۆرە هەوڵی سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا دەدات.

لە ساڵی 2016 چەند رووداوێكی گەورە لە جیهاندا روویاندا، بەڵام سەرجەم رووداوەكان لەرووی زۆری بینەرەوە لە دواوەی یاریی كلاسیكۆی ئیسپانیا بوون.

مانگی رابردوو پڕۆسەی هەڵبژاردنی 45مین سەرۆكی ئەمەریكا بەڕێوە چوو، ئەو رووداوە گەورە سیاسییە لەسەرتاسەری جیهان 66 ملیۆن بینەری هەبوو، واتە لە رووی رێژەی بینەرەوە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەكان زۆر لە بینەرانی یاریی كلاسیكۆی وەرزی رابردوو كەمتر بووە كە هەر لە ساڵی 2016 بەڕێوە چووبوو.

ئەگەر یاریی كلاسیكۆ بەراورد بكەین لەگەڵ گەورەترین رووداوی هونەری كە ئەویش دابەشكردنی خەڵاتەكانی ئۆسكارە كە لەچەند مانگی رابردوودا ئەنجامدرا، ئەوا دەبینین یاریی كلاسیكۆ بەشێویەكی بەرچاو بینەری لەو گەورەترین رووداوە هونەرییەی جیهان زیاتر بووە كە بینەرانی لەسەرتاسەری جیهان نزیكەی 34 ملیۆن كەس بوو.

بینەری یاریی كلاسیكۆ هەروەها لە بینەری سەرجەم رووداوە وەرزشییەكانی تریش زیاتر بووە، بۆ نموونە یاری كۆتای یاریی سوپەر بۆڵ كە خاوەن زۆرترین هەوادارە لە ئەمەریكا، بینەرەكەی 167 ملیۆن كەس بووە كە دەكاتە نیوەی كەمتری بینەرانی یاریی كلاسیكۆ، هەروەها یاریی كۆتای تۆپی باسكەی ئەمەریكا (NBA) لەنێوان هەردوو یانەی گۆڵدن ستیت و كلیڤلاند كاڤالیرز بینەرەكەی تەنیا 20 ملیۆن كەس بووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م