وادەی دابەشكردنی مووچەی پێشمەركە ڕاگەیەنرا

:: PM:06:34:14/05/2018 ‌
بە گەیشتنی ئەو بڕە پارەیەیی كە ئەمەریكا بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانی تەرخان كردووە دەست بە دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە دەكرێت، ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت، چوار ڕۆژی تر ئەو پارەیە دەگات.

ئەمڕۆ دووشەم 14ـی ئایار، شیلان شێخ جەعفەر سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەدواداچوونم كرد بۆ كاتی پێدانی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی.

سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە دەڵێت، وەزارەتی دارایی چاوەڕوانی بڕی ئەو 25 ملیار دینارەیە كە لەلایەن ئەمەریكاوە دێت بۆ بەغدا و لە وێشەوە بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بە داهاتی ناوخۆوە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی مووچەی پێشمەرگە.

" چوار ڕۆژی تر پارەكەی ئەمەریكا دەگاتە هەرێمی كوردستان، بۆیە ڕاستەوخۆ وەزارەتی دارایی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەی پێ‌ دابەش دەكات" شیلان وای گوت.

دابەشكردنی مووچە ماوەی دوو مانگە بەشێوەیەكی جیگیر كراو دابەش دەكرێت ئەوەیش دوای پێداچوونەوە بە پاشەكەوتی مووچە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناردنی پارە لەلایەن حكوومەتی بەغدا كە بڕەكەی 317 ملیار دینار بوو.



وشە - رامیار جەواد