نرخی نەوت گەیشتە سەرووی 78 دۆلار

:: AM:09:07:15/05/2018 ‌

نرخی نەوت دیسان بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی رابردوو ژمارەی پێوانەیی شكاند. بۆ یەكەم جار لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2014ەوە،  نرخی نەوت گەیشتەوە سەرووی 78 دۆلار..

دوێنێ دووشەم كە هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كرد لە سەعاتەكانی یەكەمی ئەو بازاڕە نرخی نەوت ڕووی لە دابەزین كرد و لە 77 دۆلارەوە دابەزی بۆ 76 دۆلار و 71 سەنت، بەڵام دواتر بە خێرایی بەرز بووەوە و گەیشتە 78 دۆلار و 53 سەنت.

بەگوێرەی dailyfx دواجار بازاڕی رۆژەكە بە 78 دۆلار و 40 سەنت داخرا و ئەمڕۆ سێشەمیش 20 سەنت لە نرخەكەی دابەزیوە و گەیشتووەتە 78 دۆلار و 20 سەنت.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا بریتی بوو لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ كە بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران راگەیاند. هێشتا بازاڕ لە ژێر كاریگەریی ئەو بڕیارە لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و پێشبینی كراوە تا 80 دۆلار بەرز ببێتەوە.

جگە لە كاریگەرییەكانی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ئەتۆمی ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كاریگەریی گرنگی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، ئەو رێككەوتنانە بووە كە لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژوو كراون.

گرنگترین رێككەوتن لە كۆتای 2016 واژوو كرا و دوای شەش مانگ لە ساڵی 2017شدا رێككەوتنەكە درێژ كرایەوە. پێشتر وڵاتان بە لێشاو نەوتیان دەخستە بازاڕەوە لە كاتێكدا بازاڕ پێویستی بەو بڕە زۆرەی نەوت نەبوو و كاتێكیش ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرزتر بوو لە ئاستی داخوازی، ئەوا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد. نرخی نەوت لە كۆتای ساڵی 2015 گەیشتە 27 دۆلار كە لەو كاتەدا هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە خوارووی 20 دۆلار نەوتەكانیان ساغ دەكردەوە و ئەمەش كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتانە دانا.




وشە - سلێمان تاشان