لیرە بۆ نزمترین نرخ دابەزی


نرخی لیرە لە بازاڕەكانی دنیا لە دابەزیندایە و لە چەند رۆژی رابردوودا رەوتی ئەو دابەزینە خێراتر بووە و گەیشتووەتە نزمترین نرخ بەرانبەر بە دۆلار.

ئێستە هەر 100 دۆلاری ئەمەریكی بە 437  لیرە دەفرۆشرێت و چەند سەعاتێك لەمەوبەر تا 439 لیرە بەرز بووەوە، لە كاتێكدا حەوت رۆژ لەمەوبەر نرخەكە 427 لیرە بوو.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە واتە لە دوو هەفتەی رابردوودا نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی لە 405 لیرەوە بەرز بووەتەوە بۆ 437  لیرە.

نرخی 100 دۆلاری ئەمەریكی بەرانبەر بە لیرە لە سەرەتای ئەمساڵ بریتی بووە لە 375 لیرە و شەش مانگ لەمەوبەریش 340 لیرە بووە. ئەو نرخە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە 280 لیرە، لە ساڵی 2015 بریتی بووە لە 266 لیرە و لە ساڵی 2014 نرخەكەی 200 لیرە بووە.

لە نزیكەی چوار ساڵی رابردووەوە تا ئێستە نرخی دۆلار بەرانبەر بە لیرە دوو هێندە گرانتر بووە و بەهای لیرەی توركیا بۆ نیوە دابەزیوە.

بەگوێرەی چارتی XE ساڵی 2011 نرخی 100 دۆلار بە 150 لیرە بوو و ئەو نرخە لە ساڵی 2008 بریتی بوو لە 119 لیرە. ئەمەش دەریدەخات لە ماوەی 10 ساڵی رابردوو لیرە پاشەكشەیەكی زۆری كردووە. 

گرنگترین هۆكاری پاشەكشەی ئابووری توركیا و دابەزینی نرخی لیرە بەرانبەر بە دراوەكانی تری دنیا ئەو سیاسەتانە بووە رەجەب تەیب ئەردۆغان گرتوویەتە بەر. ئەوەی سیستەمی سیاسیی توركیاشی گۆڕی و توركیای لە وڵاتێك كە هێندەی نەمابوو ببێت بە ئەندامی یەكێتیی ئەوروپا، بۆ وڵاتێك گۆڕیوە كە تاكەكەسێك بەسەریدا زاڵە و خەریكە بەرەو وڵاتێكی دیكتاتۆری دێتە گۆڕین.

لیرەی توركیا لە كاتێكدا رووی لە دابەزین كردووە كە مانگی داهاتوو خولێكی تری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.





وشە - سلێمان تاشان


AM:10:43:15/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 2280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌