دوای چەندان ساڵ حكوومەت كارەبای بۆ گوندێك دابین كرد

:: PM:12:26:15/05/2018 ‌
لە سنووری شارەدێی ئەترووش، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارەبای نیشتمانی بۆ گوندێك دابین كردووە كە دوو ماڵ تێیدا نیشتەجێن، ئەوەیش بەمەبەستی گەڕاندنەوەی تەواو خێزانەكانی ئەو گوندە.

ئەمڕۆ سێشەم 15ی ئایار/ مایۆ، محەمەد عەلی سلێمان هەڵبژێری گوندی رووبەتكێی سەر بە شارەدیێ ئەترووش بە "وشە"ی راگەیاند، بەمەبەستی ئاوەدانكردن و گەڕانەوەی گوندنیشان بۆ سەر گوندەكەیان و زیاتر خزمەتكردنی گوندەكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارەبای نیشتمانی بۆ دابین كردوون و ئەمڕۆیش كارەبا بەتەواو گەیشتە گوندەكە.

زیاتر گوتی، گوندەكەمان تەنیا دوو ماڵە، بەڵام دوای ئەوەی كە ئەمڕۆ كارەبای نیشتمانی بۆ راكێشرا ژمارەیەك خێزانی تر رەزامەندی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە.

ڕوونی كردەوە كە ئێستە خەڵكی گوندی رووبەتك لە سەنتەری شارۆكەی شێخان و شاری دهۆك دەژین،  لەكاتێكدا گوندەكە یەكێكە لە گوندە هەرە گرنگەكانی كوردستان بۆ كشتوكاڵ.

گوندی روبەتكێ دەكەوێتە باكوری شارەدیێ ئەترووشی سەر بە شارۆكەی شێخان و نزیكەی لە 150 خێزان پێك دێت، بەڵام تەنیا دوو ماڵ لەو گوندە دەژین و ئەوانی تر بەهۆی شەر و ئاڵۆزییەكانی رژێمی بەعس ئاوارەی ناوچەكانی تری كوردستان بوون.

بارزان/  نەوزاد هلۆری



وشە - سه‌رخێڵ هاشم