بۆ مانگی ڕەمەزان لە هەولێر ئەم ڕێنوێنییانە هەیە
قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر، ڕێنوێنییەكانی بۆ مانگی ڕەمەزان بڵاو كردەوە كە بەپێی ڕێنوێنییەكان تەواوی چێشتخانەكان لە سنووری پارێزگای هەولێر كراوە دەبن.
ئەمڕۆ سێشەم 15ی ئایار/ مایۆ، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندیی هەولێر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەبێ هیچ مۆڵەتێك كە ساڵانی رابردوو لەڕێی پارێزگاوە دەكرا، خاوەن چێشتخانەكان دەتوانن خواردنگەكانیان بكەنەوە.
زیاتر گوتی، مەرجی كردنەوەی خواردنگەكان تەنیا داپۆشینی شوێنی خواردن و خواردنەوەكە و هێشتنەوەیەتی بە درێژایی ڕۆژانی جەژن.
" لە چێشتخانە چوار ئەستێرەیی و پێنج ئەستێرەیییەكان خواردنەوە كحوولییەكان ئاسایییە، بەڵام دووكانەكان بە هیچ شێوەیەك رێی كردنەوەیان بە درێژایی مانگی رەمەزان پێ نادرێت". قایمقام وای گوت.
دووپاتی لەوەیش كردەوە كە لیژنەكانی چاودێری بازاڕ بە درێژایی ئەو مانگە چاودێری دەكەن و هەركەسێك سەرپێچی بكات سزای دەدەن.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان لەلایەن لیژنەكانی قایمقامییەتەوە كۆمەڵێك ڕێنوێنی بۆ ڕیكخستنی كاروباری بازاڕ و هاووڵاتییان دەردەكرێت و هەركەسێكیش پێوەی پەبەند نەبێت سزا دەدرێت.
وشە -
سهرخێڵ هاشم