دیارترین شكستخواردووەكان لە هەڵبژاردن

:: PM:01:37:15/05/2018 ‌

 
بەگوێرەی دەرئەنجامی هەڵبژاردن كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن رای گەیاندووە، گۆڕانكاری گەورە لە هاوكێشەی سیاسیی عێراقی رووی داوە. دیارترین ئەو گۆڕانكارییانەش پاشەكشەی ئیسلامییەكان و دابەشبوونی دەنگەكانیان دوای 15 ساڵ لە حوكمڕانی، هاوكات سەركەوتنی رەوتە مەدەنییەكان.

بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان لە كۆمسیۆنەوە، هومام حەموودی سەركردەی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و سەركردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە جێگری سەرۆكی پەرلەمانە، هەروەها عالیە نسەیف لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نووری مالیكی، مەیسوون دەمەلوجی لە هاوپەیمانی وەتەنییە بەسەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی، وەك دیارترین كەسایەتییە شكستخواردووەكان دێنە ئەژماردن كە نەیانتوانیوە كورسیی پەرلەمانی بەدەست بهێنن. جگە لەوانە هەریەكە لە سادق روكابی و عامر خەزاعی و عەلی ئەلعەلاق و مۆفەق روبێعی و محەمەد مەولا و جاسم جەعفەر و عەدنان ئەسەدی و چەندان ناوی تریش لەو لیستەدان كە نەیانتوانیوە كورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنن.

لەسەر ئاستی هاوپەیمانیەتییەكانیش، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە لە هەڵبژاردنی 2014، ملیۆنێك و 246 هەزار دەنگی هێنابوو، خاوەنی 92 كورسیی پەرلەمانی بوو، لەم هەڵبژاردنە 656 هەزار دەنگی هێناوە و كورسییەكانیشی بۆ 25 كورسی كەمی كردووە. دوای ئەویش هەریەكە لە رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەماڕ حەكیم و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆكایەتیی هومام حەموود و فەزیڵە بە سەرۆكایەتیی عەماڕ تەعمە دێت كە هیچ كامیان 20 كورسییان نەهێناوە.

لەسەر ئاستی كەسایەتییە هەرە دیارەكانیش، مالیكی لە هەڵبژاردنی رابردوو ملیۆنێك و 246 هەزار دەنگی هێنابوو، لەم هەڵبژاردنە 91 هەزاری هێناوە، عەلاوی 982 هەزاری هێنابوو لەم هەڵبژاردنە 46 هەزاری هێناوە، ئوسامە نوجێفی لە مووسڵ نزیكەی 500 هەزار دەنگی هێنا بوو لەم هەڵبژاردنە 21 هەزار دەنگی هێنا. كەچی حەیدەر عەبادی لە هەڵبژاردنی رابردوو تەنیا دوو هەزار دەنگی هێنابوو و لەم هەڵبژاردنە توانی 75 هەزار دەنگ بهێنێت.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتایییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، هاوپەیمانی سائیرون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر 54 كورسیی پەرلەمانی مسۆگەر كردووە، لە دوای ئەویش هاوپەیمانی فەتح دێت بە سەركردایەتی هادی عامری كە 44 كورسییە، لە پلەی سێیەم هاوپەیمانی نەسڕ بە سەركردایەتیی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران دێت كە 42 كورسییە و پاشان هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دێت بە سەركردایەتی نووری مالیكی كە 24 كورسییە و دواتریش هاوپەیمانی وەتەنییە بە سەركردایەتیی ئەیاد عەلاوی كە 22 كورسییە.

لەسەر ئاستی كوردستانیش لیستی پارتی 26 كورسیی مسۆگەر كردووە و دوای ئەویش یەكێتی بە 15 كورسی و گۆڕان بە حەوت كورسی و نەوەی نوێ بە چوار كورسی، هاوپەیمانی بە سێ كورسی، كۆمەڵی ئیسلامی سێ كورسی و یەكگرتووی ئیسلامیش دوو كورسیی هێناوە.

جێی باسە تەواوی ئەو ژمارانە بە پشتبەستن دێت بە دەرئەنجامە سەرەتایییەكان كە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن رای گەیاندووە، بە ئاشكرابوونی ئەنجامی دەنگدانی تایبەت گۆڕانكاری بەسەریاندا دێت و دوای تانە و سكاڵای قەوارە و لیستەكان رەنگە دیسان گۆڕانكارییان بەسەردا بێت و دوا ژمارە ئاشكرا بكرێت.

پێوەند بەو پرسە، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد رێز لە دەرئەنجامی هەڵبژاردن بگرن و ئامادەی خۆیشی نیشان دا بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز.

عەبادی لە گوتارێكی تەلەڤزیۆنی تۆماركراودا ئاماژەی بەوە دا كە پێویستە هاووڵاتییان و قەوارە سیاسییەكان بە رێزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەنجامەكان بكەن و هاوكات بەپێی یاساش مامەڵە لەگەڵ سكاڵا و تانەكان بكرێت.

ئەوەشی گوت، "لەو كاتەوەی دەسەڵاتمان لە ساڵی 2014 وەرگرت بۆ پێكهێنانی حكوومەت، كارمان كردووە بۆ رزگاركردنی خاكی عێراق لە دەستی داعش، كارمان لەسەر سەپاندنی ئاسایش و ئارامی كردووە، كارمان لەسەر نەهێشتنی تایفەگەری كردووە، كارمان لەسەر هەڵگرتنی بەربەستەكانی بەردەم گەلانی عێراق كردووە بۆ یەكڕیزی هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسی تیرۆر و رێگریمان كرد لە دابەشكردنی عێراق كە لەسەر لێواری دابەشبوون بوون".

زیاتر گوتی "كارمان كرد كە دەوڵەت بەهێز بكەین، پێگەیەكی رێز لێگیراوی لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی هەبێت، كارمان كرد حكوومەتێكی پاكی بێ گەندەڵی بەڕێوە ببەین دوو لە پشك پشكێنە، ئەمانەش دیارترین ئەولەویەتەكان بوون كە بە وەفا بووین بەرانبەری و كارمان بۆ كرد كە لە ئێمە و هەموومان گەورەتر و گرنگترە".

لەو پەیامە تۆماركراوەدا، عەبادی خۆی لە بەرپرسیاریەتی نەشاردەوە و رای گەیاند بەرپرسیاریەتی هەموو ئەو دۆسیانە هەڵدەگرن كە خرابووە سەر حكوومەت، لەوانە پارێزگاریكردن و بەرگریكردن لە یەكپارچەیی خاك و بەرژەوەندییە سەروەرییەكانی، تا ئەو كاتەی حكوومەتی نوێ پێكدەهێنرێت لەسەریەتی ئەركە نیشتمانییەكانی جێبەجێ بكات و پارێزگاری لەو دەستكەوتانە بكات كە ئەم حكوومەتە بە دەستی هێناوە.

زیاتر گوتی "بەهەموو شێوەیەك ئامادەین بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی بێ گەندەڵی و پشك پشكێنە، حكوومەتێك نەچێتە ژێرباری ئەجێندای بیانی و رێ لە گەڕانەوەی تیرۆریستان بگرێت".

سەرچاوە/ عەرەبی جەدید



وشە - فه‌رمان سادق