بەڕێوەبەرێكی تر بۆ پەروەردەی هەولێر دانرا

:: PM:03:02:15/05/2018 ‌
دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكان و گۆڕانكاری لە چەند پۆستێك لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر گۆڕا و بەڕێوەبەرێكی نوێ‌ لە شوێنەكەی دەستبەكار بوو.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئایار، سەرچاوەیەكی تایبەت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر دوای ئەو گۆڕانكارییانەی كرابوون لە پێشوودا، ئەویش گۆڕا و بەڕێوەبەرێكی نوێ‌ لە شوێنی دەستبەكار بوو.

ئەو سەرچاوەیە زیاتر گوتی، بەپێی نووسراوێكی وەزیری پەروەردە ئەو گۆڕانكارییە كراوە و ئەمین ناوپردانی دەستی لەكار هەڵگرتووە و لە شوێنی ئەو دلێر عەبدوڵا دیاری كراوە وەك بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر.

ئەمین ناوپردانی پێشتر بۆ ماوەی 10 ساڵ لە پەروەردەی چۆمان و پێنج ساڵ لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر پۆستی هەبووە، ئەو گۆڕانكارییەش پاش گۆڕانكارییەكانی وەزارەتی پەروەردەیە كە ئەنجامی داوە.
 
ساڵانە بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، وەزارەتی پەروەردە چەند گۆڕانكارییەك لە پۆستی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرە گشتییەكان دەكات.

وەزارەتی پەروەدە یەكێكە لە وەزارەتە گەورەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە نزیكەی 170 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری هەیە لەگەڵ بەشداری پێكردنی نزیكەی ملیۆنێك و 700 هەزار قوتابی لە پرۆسەی پەروەردە.



وشە - رامیار جەواد