حەیدەر عەبادی ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو لەگەڵ هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر. عەبادی لە گوتارێكدا كە هەمان وشەكانی سەدری بەكار هێنا، داوای كرد قەوارە سیاسییەكان رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی بگرن.
شەوی رابردوو، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەر لە پەیامێكی تۆماركراودا ئاشكرای كرد كە پێوەندیی لە نێوان هاوپەیمانی نەسڕ و هاوپەیمانی سائیرون هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات و پلەی یەكەمی لە هەڵبژاردن مسۆگەر كردووە.
عەبادی لە گوتارەكەیدا هەمان ئەو وشانەی سەدری بەكار هێنا و داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمان بگرن.
عەبادی لە پاڵ پیرۆزبایی لە قەوارە براوەكان، ئامادەی خۆی نیشان دا بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێزی بێ گەندەڵی و پشك پشكێنە كە بتوانێت رێگر بێت لە گەڕانەوەی تیرۆر. گوتی "بەرپرسیاریەتی سەركردایەتیی وڵات هەڵدەگرین لە بەرگریكردن لێی تا ئەو كاتەی حكوومەتی نوێ پێك دەهێنرێت".
پەیامەكەی عەبادی لە كاتێكدایە دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن جۆرێك لە پشێوی لە شەقامی عێراقی هەستی پێ دەكرێت بەتایبەت كە ژمارەكان دوور بوون لە هەموو پێشبینییەكان، كە هەمان حاڵەت لە هەرێمی كوردستانیش هەیە و ئەمەش وای كرد زۆر لە لیست و قەوارەكان لەسەر ئاستی عێراق سكاڵا تۆمار بكەن.
تەنانەت پێش راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی، هەموو ئەو زانیارییانەی لە كۆمسیۆنەوە دزەی دەكرد، بەو ئاراستەیە بوو كە هاوپەیمانی نەسڕ بە رێژەیەكی بەرچاو لە پلەی یەكەمدایە و دوای ئەویش هاوپەیمانی سائیرون دێت و پاشان هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری كە ئێران پشتگیری لێ دەكات، بەڵام كاتێك درەنگانی شەوی دووشەم كۆمسیۆن ئەنجامەكانی ئاشكرا كرد هاوپەیمانی سائیرون زۆر لە پێشەوەی هەمووان بوو، بە دوای ئەویش هاوپەیمانی فەتح و دواتریش هاوپەیمانی نەسڕ.
هاوپەیمانی سائیرون لە چوار پارێزگا پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە كە بەغدا یەكێكە لەوان، بە نزیكەی 200 هەزار دەنگ لە پێشەوەی نزیكترین ركابەریەتی كە هاوپەیمانی فەتحە بە سەركردایەتی عامری.
فاڕووق یوسف نووسەری عێراقی دەڵێ، بوونی هاوئاهەنگی لە نێوان سەدر و عەبادی بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی بە هەموو پێوەرێك، هەوڵێكی ناچارییە بۆ خۆ بەدوورگرتن لە زیانە گەورەكە ئەویش پێكهێنانی دروستكردنی لیستی گەورەی ناو پەرلەمان لەلایەن نەیارەكانیان كە عامری و مالیكییە.
یەكێك لە دیارترین گۆڕانكارییەكانی ئەم هەڵبژاردنە، یەكەم بوونی لیستەكەی عەبادییە لە مووسڵ ناوەندی هێزی سوننەكان، بە گشتی عەبادی توانیویەتی نزیكەی 11 كورسی لە ناوچەی سوننە بەدەست بهێنێت كە دەكاتە یەك لەسەر چواری كورسییەكانی بەدەستی هێناوە كە پێش ئەو هیچ سەركردەیەكی شیعەی ئیسلامی نەیتوانیوە یەك كورسیش لە ناوچە سوننەكان بەدەست بهێنێت. ئەگەرچی عەبادی توانی خۆی بخزێنێتە ناو ناوچە سوننەكان، بەڵام پێ ناچێت ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە ببێتە شیفا بۆی بیكاتە ریزی پلەی یەكەم یان دووەم بەهۆی بەدەستهێنانی هەمان رێژە لەلایەن لیستی عامری.
یوسف دەڵێ ئەگەرچی عەبادی توانی خۆی بخزێنێتە ناو بەرەی سوننە، بەڵام سەركەوتن بەسەر داعش تەنیا بەس نەبوو بۆ رازیكردنی دەنگدەری زۆرینەی شیعە، بۆیە پاشەكشەی عەبادی لە شەقامی شیعی بەلای چاودێران چاوەڕوان نەكراو بوو.
بەگوێرەی دەرەنجامەكانی كۆمسیۆن رای گەیاندووە، هیچ هێزێك نەیتوانیوە سەركەوتنی یەكلاكەرەوە بەدەست بهێنێت، ئەمەش وادەكات قەوارە براوەكان بچنە ناو دانوستاندێكی درێژ بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی هاوپەیمانی و رێككەوتن لەسەر ئەوەی كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران و ئەندامانی كابینەی حكوومەت كێ دەبن.
چاودێران پێیان وایە سەركەوتنی هاوپەیمانی سائیرون گورزێك بوو بەر ئێران كەوت، چونكە چەند مانگێك پێش هەڵبژاردن عەلی ئەكبەر ولایەتی راوێژكاری باڵای عەلی خامەنەیی مەرجەعی باڵای ئێران رای گەیاندبوو رێ بە گەڕانەوەی شیوعییەكان و لیبراڵەكان لە عێراق نادەن، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ هاوپەیمانی سائیرون لێكدرایەوە كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی كرد، بەڵام ئەنجامەكە پێچەوانە دەرچوو.
چاودێران كۆكن لەسەر ئەوەی بەم نزیكانە سەدر و عەبادی پێوەندی بەیەكەوە دەكەن بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ كە رەنگە عەماڕ حەكیمی رێبەری رەوتی حیكمەش كە 19 كورسیی بەدەستهێناوە بچێتە پاڵیان.
ئەو سێ سەركردەی شیعەش بە سێ سەركردەی میانڕەو دەزانن كە رووبەڕووی شیعەی توندڕۆ بوونەتەوە كە ئێران پشتگیرییان لێ دەكات كە میلیشیا چەكدارەكانی شیعە بە سەركردایەتی عامری بەشێكە لەوان.
خۆ ئەگەر تیمی یەكەم سەركەوتوو نەبن لە دروستكردنی حكوومەت، ئەوا چانس بەر تیمی دووەم دەكەوێت كە عامری و مالیكی سەركردایەتی دەكەن، بۆیە تیمی یەكەم لەسەریانە هاوپەیمانیەتییەك پێك بهێنن كە 165 كورسی هەبێت تا بتوانن ببنە زۆرینەی ناو پەرلەمان كە ژمارەی كورسییەكانی 329 كورسییە.
لەم ناوەندەدا بۆچوونێك هەیە دەڵێ هیچ كام لەم دوو تیمە بەتەنیا ناتوانن حكوومەت پێكبهێنن، بۆیە ناچارن بەدوای هاوپەیمانیەتی لەناو كورد و سوننە بگەڕێن.
چاودێران پێیان وایە تیمی یەكەم نزیكە لەوەی پێوەندی بە ئەیاد عەلاوی سەركردەی هاوپەیمانی وەتەنیە بكات كە لەناو لیستەكەیدا پەرلەمانتاری سوننە و شیعە بوونیان هەیە.
یوسف کە قسەی بۆ "
عەرەب" کردووە، دووپاتی لەوە كردەوە هاوپەیمانی نەسڕ و سائیرون زۆر لە یەكترەوە نزیكن و بەیەكەوە زۆرینەی پەرلەمانی پێكبهێنن، بەڵام لەم كاتەدا ئەو پۆستە نابێتە پشكی عەبادی، چونكە هێشتا ئەو ئەندامە لە حزبی دەعوە، ئەگەری ئەوەش هەیە عەبادی دەست لە پۆستی حزبی بكشێنێتەوە بۆ گرەنتی بوونەوەی بە سەرۆك وەزیران.
لەسەر ئاستی كوردستانیش، شكستی ریفراندۆم نەبووە هۆی لاوازبوونی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بارزانی سەركردایەتی دەكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە زۆرترین كورسیی لایەنە كوردییەكانی بەدەست هێنا. جگە لەمەش كورد وەك هێزێكی سیاسی بەهێز دەمێنێتەوە.
چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئەوە بەدوور نازانن حكوومەتی داهاتوو لە نێوان هاوپەیمانی عەبادی و سەدر و حەكیم و بارزانی پێك بهێنرێت، ئەگەرچی پێوەندییەكانی عەبادی و بارزانی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لاوازی تێكەوتووە.