لە ڕووداوێكی هاتوچۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی نۆ قوربانی لێ دەكەوێتەوە و هاووڵاتییەكی نزیك لە ڕووداوەكەش دەڵێت، جگە لە مردن بریندارەكان باوردۆخیان زۆر خراپە.
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئایار، هێمن سەعید چالاكی كۆمەڵی مەدەنی لە كەلار بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لەسەر ڕێی گشتی كەلار- سلێمانی لە سێڕیانی شارەدێی مەیدان، لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (تویوتا پیك ئاب و نیسان ئۆپتیما) پێكدادان دروست بوو.
ئەو چالاكە دەڵێت، ئێمە لە شوێنی ڕووداوەكە بووین، بەهۆی ڕووداوەكە كە برینی هەندێكیان سەخت بوو ڕاستەوخۆ دوو هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و حەوت كەسیش بریندار بوون كە برینی هەندێكیان سەختە و خوێنێكی زۆریان لێ دەچۆڕا، زیانی مادی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلەكان كەوتووە.
لە ڕاگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ گەرمیانیش هاتووە، ڕووداوەكە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕووی داوە و زیانێكی زۆری هەبووە و نۆ هاووڵاتی بوونەتە قوربانی لەو ڕووداوە.
"وشە" لە ڕێی چەند ڕاپۆرتێك، چەند جارێك هۆشداری داوەتە لایەنە بەرپرسەكانی حكوومەت لەو سنوورە لە مەترسی ئەو ڕێیە كە بەڕێی مەرگ ناسراوە و پێچ و تاسەی زۆری تێدایە.