جووتیاران گەنمەكانیان ڕادەستی بەغدا ناكەن

:: PM:06:17:15/05/2018 ‌

تائێستە بەغدا زیاتر لە 600 ملیار دیناری جووتیارانی هەرێمی كوردستان قەرزدارە كە پارەی سێ ساڵ پێش ئێستەیە و جووتیاران گەنمیان ڕادەستی سایلۆكان كردوە، بەغداش ئامادە نییە ئەو پارەیە بدات و جووتیارانیش بۆ ئەمساڵ ئامادەنین گەنم بدەنە سایلۆكان و دەڵێن خۆمان دەیفرۆشین.
 
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئایار،  كەمال ئەحمەد جووتیارێكی سنووری پارێزگای سلێمانییە كە ساڵانە زیاتر لە 30 تۆن گەنم بەرهەم دەهێنێت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، جووتیاران لە بەغدا و دەسەڵاتدارانی بەغدا بێ متمانەترینن، چونكە پارەی سێ ساڵی ڕابردوو ڕەنجی جووتیارانیان لایە و نەیانداوە.

زیاتر گوتی، ساڵی ڕابردوو كاتێك دەركەوت بەغدا لەگەڵ جووتیاران ڕاست ناكات و پارەیان ناداتێ لە بەرانبەر ئەو گەنمەی كە دەدرێتە سایلۆكان و هەر جارە و بیانوێك دەگرێت، بۆیە جووتیاران خۆیان گەنمەكانیان فرۆشت بە پارەیەكی كەمتر، چونكە جووتیار پارەی ئامادەی پێ باشترە نەك چاوەڕێی ئەگەر بكات.
 
ئەمین محەمەد بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ساڵی ڕابردوو بۆ هەموو هەرێمی كوردستان 400 هەزار تۆن گەنم دیاری كرا لایەن بەغدا كە سایلۆكان وەری بگرن، لە كاتێكدا بەرهەمی هەرێمی یەك ملیۆن تۆن بوو، تەنیا لە سلێمانی 300 هەزار تۆن زیاتر بەرهەم دێت، لەو بڕەش تەنیا 115 هەزار بۆ سنووری سلێمانی دیاری كرابوو، كە لە چاو بەرهەمی سنوورەكە زۆر كەمە.

 بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی دەڵێت، بۆ ئەمساڵ نووسراومان بۆ نەهاتووە كە چەند گەنم وەربگرین، بەڵام جووتیاران دڵنیا دەكەینەوە ئەگەر لە ساڵی ڕابردوو كەمتر نەبێت زیاتر نییە، بەڵام نرخی وەرگرتنی گەنم بۆ پلە یەك و دوو و سێ هەر وەك خۆیەتی و گۆڕانكاری بەسەر نەهاتووە.
 بەهۆی پێنەدان و دواكەوتنی پارەی جووتیاران لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو، جووتیاران ئامادەنین گەنمەكانیان ڕادەستی سایلۆ بكەن و خۆیان لە دەرەوەی سایلۆ گەنمەكە دەفرۆشن، هاوكات بڕی ئەو پارەیەی بۆ سێ ساڵی ڕابردوو كە لای حكوومەتی بەغدایە نەدراوە بە جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 170 ملیار دینارە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


 



وشە - رامیار جەواد