بریتییە لە حاڵەتی كەمخوێنی بۆماوەیی كه بەهۆی بوونی ناتەواوی لەناو هیمۆگڵۆبینی خوێندا دروست دەبێت و وا لە مرۆڤی توشبوو دەكات كە كەمخوێن بێت و بۆ هەموو ژیانی پێویستی بە وەرگرتنی خوێن بێت
لهم ڕاپۆرتهدا تیشك دەخهینه سەر نەخۆشی سالاسیمیا و هۆكارەكانی و چۆنیهتی چارەسەركردنی و هەنگاوەكانی بۆ بنبڕكردن یان كەمكردنەوەی نەخۆشییەكە.
یهكهم/هۆكارەكانی دروستبوونی چی یە؟
ئەگەر ژن و مێردێك سیفەتێكی بۆماوەیی ئەم نەخۆشیەیان هەبێت، ئەوا ئەو سیفەتە لە منداڵەكەیاندا بەریەك دەكەوێت و منداڵێكی سالاسیمیا دروست دەبێت، ئەمەش وا دەكات ئەو هیمۆگڵۆبینەی خوێن كە لەم نەخۆشانەدا هەیە بەكەڵكی ژیان نەیەت لەبەر ئەو تێكچوونە بۆماوەییەی كە هەیەتی و دەبێتە هۆی شیبوونەوەی خڕۆكە سورەكانی خوێن.
دووهم/ جۆرەكانی نەخۆشی سالاسیمیا كامانەن؟
سێ جۆر نەخۆشی سالاسیمیا هەیە، ئەوانیش سالاسیمیای بچووك و ناوەند لەگەڵ سالاسیمیای قوڕس.
لەجۆری یەكەمدا كەسەكە تەنیا هەڵگرە و هیچ كێشەیەكی نییە، بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە كوردستاندا هەیە هەروەها بەپێی ئەو توێژینەوانەی خۆمان كردوومانە لە سەت كەس، پێنجیان هەڵگری سیفەتی ئەم جۆرەن و بەخۆیشیان نازانن و ژیانێكی ئاساییان هەیە.
بەڵام لە دو جۆرەكەی تردا نەخۆشییەكە دەردەكەوێت و كەسەكە كەمخوێن دەبێت، ئەگەر هاتوو سالاسیمیاكە قوڕس بێت منداڵەكە لە تەمەنی پێش (6) مانگییەوە نیشانەكانی تێدا بەدەر دەكەوێت و دەبینیت منداڵەكە بێ تاقەت و بێ هێز دەبێت و ڕەنگی سپی هەڵدەگەڕێت، هەروەها وەك پێویست خواردنی بۆ ناخورێت و لەم كاتەدا دەبێت منداڵەكە پێشانی پزیشكی پسپۆڕ بدرێت.
بەڵام لە جۆری ناوەنددا جیاوازی هەیەن ڕەنگە لە ساڵی یەكەمی تەمەنی منداڵەكەدا یاخود لە ساڵی دووەمیدا دەربكەوێت، چونكە ئەم جۆرەیان لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر دەگۆڕێت .
سێیهم/ میكانیزمی خوێن وەرگرتنی نەخۆشەكان چۆنە؟
بەپێی حاڵەت و جۆری نەخۆشیەكە دەگۆڕێت لەبەرئەوەی نەخۆش هەیە دووهەفتە جارێك پێویستە خوێن وەربگرێت و نەخۆشیش هەیە (20) ڕۆژ جارێك هەشیانە مانگی جارێك خوێن وەردەگرێت، ئەوەش بەپێی چاودێریكردن بۆمان دەردەكەوێت ئەو نەخۆشە بە چەند ڕۆژ جارێك پێویستە خوێن وەربگرێت و پاشان بۆیان دیاری دەكرێت.
چوارهم/ وەرگرتنی خوێن بە درێژایی ژیان چ كاریگەرییەك لەسەر نەخۆشەكە دروست دەكات؟
زۆربەی كات كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی كەسی نەخۆش دروست دەكات، ئەویش لە ئەنجامی ئەو خوێنە زۆرەی كە نەخۆشەكە وەری دەگرێت وەك بەرزبونەوەی ڕێژەی ماددەی ئاسن لە لەشی نەخۆشەكەدا كە ماددەیەكی ژەهرە و كاریگەری لەسەر دڵ و جگەر دروست دەكات و سپڵی نەخۆشەكە دەئاوسێنێت و لەسەر هەموو بەشەكانی تری لەش ئەنیشێت، بۆیە پێویستە ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت لە ڕێگەی چارەسەری تایبەت و بەردەوامەوە كە لەگەڵ وەرگرتنی خوێنەكەدا بۆ نەخۆشەكە ئەنجام دەدرێت، چونكە بەشێوەیەكی فیسیۆلۆژی لەش ناتوانێت بیكاتە دەرەوەو خۆی لێ ڕزگار بكات، چارەسەرەكانیش بەشێوەی دەرزی یاخود (حەپ )ە.
لەهەمانكاتدا نەخۆشەكە تووشی چەند گرفتێكی تر دەبێت وەك دواكەوتنی گەشە و باڵق نەبوون، ئەمە هەریەك بەپێی كێشەكەی چارەسەری خۆی هەیە كە دەتوانرێت چارەسەر بكرێت.
پێنجهم/ تا چەند نەخۆشییەكە گرفت بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری دروست دەكات؟
بەگشتی نەخۆشی سالاسیمیا كە لەدایك دەبێت ئەگەر بەشێوەیەكی تەندروست و زانستی و لەكاتی خۆیدا چارەسەر وەربگرێت تەنانەت ئەگەر چاندنی مۆخیشی بۆ نەكرێت ئەتوانێت وەك كەسێكی ئاسایی بژی و هاوسەرگیریش بكات، بەڵام گرنگە بزانرێ ئەو كەسە كێیە كە ژیانی لەگەڵدا دروست دەكات، چونكە باشتر وایە هەڵگری سیفاتەكە نەبێت بۆ ئەوەی منداڵی سالاسیمیا دروست نەبێت.
شهشهم/ چۆن ڕێگری لە دروستبوونی منداڵی سالاسیمیا دەكرێت؟
بۆ ئەو مەبەستە لە سەنتەری سالاسیمیای سلێمانی پشكنین ئەنجام دەدرێت بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت پرۆسەی هاوسەرگیری بكەن و ئەوانەشی كە پرۆسەی هاوسەرگیرییان كردووە یاخود لە كلینیكی ڕاوێژكاری هاوسەرگیری لە ناو تاقیگەی ناوەندی گشتیی تەندروستیدا ئەم كارە بۆ هاوسەرەكان ئەنجام دەدرێت پێش هاوسەرگیری، چونكە ئەم ڕێكارە بوە بە یاساو جێبەجێ دەكرێت.
ئەگەر دەركەوت هەردووكیان هەڵگری سیفاتەكەن دەیاننێرنە سەنتەری سالاسیمیا، بۆیە ئێمە ڕێنماییان دەكەین كە پرۆسەی هاوسەرگیریەكە هەڵبوەشێننەوە ئەگەر نا پێویستە پشكنینی منداڵ بكەن لەناو سكی دایكەكەدا لەكاتی سك پڕییەكاندا.
تاوەكو ئێستا (100%) بنەبڕ نەكراوە، بەڵام لەچاو خۆی و بەراورد بەساڵانی پێشوو زۆر ئهرێنیتر تربووە، بۆ نموونە لە ساڵەكانی پێش (2007) ئەگەر لە ساڵێكدا (50 - 60) منداڵی سالاسیمیا لەدایك بووبیت لە ئاماری ساڵی (2014) دا تەنیا حەوت منداڵ لەدایك بووە و لە ساڵی (2015) شدا ڕێژەكە لە حەوت منداڵ كەمتر بووە.