بەڕێوەبەری گشتیی كارەبای هەولێر ڕوونكردنەوەیەك لەسەر پێدانی كارەبا لە مانگی ڕەمەزان دەدات و ئاشكرای دەكات ئەگەر پێویست بكات سەعاتەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئایار، حسێن حەمەد بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە پێدانی كارەبا بە هاووڵاتییان باشە و لە مانگی ڕەمەزانیش هەمان بەرنامەی پێدانی كارەبامان هەیە.
بەڕێوەبەری دابەشكردنی كارەبای هەولێر دەڵێت، لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەكان بەردەوام پێوەندیمان هەیە بۆ رێكخستنی كاتەكانی پێدانی كارەبا لەشاری هەولێر، هەروەها ئەگەر بزانین كەشوهەوا گەرم دەبێت ئەوا كاتەكانی پێدانی كارەبا بە گوێرەی پێداویستی هاووڵاتییان لەگەڵ مۆلیدە ئەهلییەكان دەگۆڕین.
ئەو بەرپرسەی كارەبا ئاشكرای كرد، ئێستە لەو كاتانەی هاووڵاتییان پێویست بە كارەبا بێت كارەبا هەیە لە مانگی ڕەمەزانیش بەهەمان شێوەیە ئەو خشتەیە، بۆیە ئەگەر گۆڕانكاری كەشوهەوا هەبێت ئێمە دەستكاری خشتەكە دەكەین.
بەهۆی هاتنی مانگی ڕەمەزان لە وەرزی گەرما هاووڵاتییان لە ڕۆژدا پێویستیان بە كارەبا دەبێت، بەڵام ئەمساڵ بەردەوامی باران بارین تائێستە كەشوهەوای گەرم نەكردووە.