سبەی ڕەمەزان نییە

:: PM:07:19:15/05/2018 ‌
لیژنەی بینینی مانگ ئاشكرای دەكات كە سبەی چوارشەم لە هەرێمی كوردستان مانگی ڕەمەزان نییە و ڕۆژی پێنجشەم دەبێتە یەكەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.

ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئایار، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لیژنەی بینینی مانگ كۆبووە و دەركەوت كە مانگ نەبینراوە، بۆیە بەیانی چوارشەم یەكەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان نییە لە هەرێمی كوردستان و ڕۆژی پێنجشەم دەبێتە یەكەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزان.

پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو بۆ ڕێكخستنی كاروبارەكان چەند ڕێنوێنییەكمان دەركردووە لەوانە پابەندبوونی تەواوی بە كاتی ئیمساك، هەروەها گشت كەناڵەكان پابەند بن بە نەریتەكان و شتی نەشیاو بڵاو نەكەنەوە و سەرجەم خواردن و خواردنەوەكان پێشكەشكردنیان ڕادەگیرێت لە داودەزگا حكوومییەكان.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف زیاتر گوتی، لەكاتی نوێژی تەڕاویح پێویستە تەنیا بڵندگۆی ناو مزگەوتەكە هەڵبكرێت، ئەو ڕێنوێنییانە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ‌ دەكرێت.

ساڵانە لەمانگی ڕەمەزان لە هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك ڕێنوێنی تایبەت بڵاو دەكرێتەوە بەمەبەستی ڕێزگرتن لەو مانگە و پابەندكردنی هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد