عێراق.. كەی لێكهەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەتییەكان دەست پێ دەكات؟

:: PM:08:30:15/05/2018 ‌

شەمووی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بەڕێوە چوو و تیایدا لیستە گەورەكان وەك چاوەڕوان دەكرا ئەنجامی دیاریان بەدەست هێنا، ئەوەی تێبینی دەكرا لەو هەڵبژاردنە هاوپەیمانیەتییەكان چەندان قەوارەی لێكجیاوازیان لەخۆ گرتووە، جیا لەوەی قۆناغی پێكهێنانی گەورەترین بارستەی پەرلەمان رەنگە لێكهەڵوەشانەوەی هاوپەیمانیەتییەكان بەخۆیەوە ببینێت.

هیشام هاشمی شارەزای ستراتیژی عێراقی لەو بارەوە دەڵێت، حزبی دەعوە كە ماوەی سێ خولی لەسەریەكی سەرۆكایەتیی وەزیرانی فەرمانڕەوایی عێراق دەكات و رازی نییە بە رادەستكردنەوەی، ئاماژەی كرد كە ئێستە نووری مالیكی جێگری سەرۆك كۆمار كڕۆكی پتەوی ماڵی سیاسی شیعەیە لە عێراق.

هاشمی لە لێدوانەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە تویتەكەی سەدر لەدوای دەركەوتنی بەشێك لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكە كە تیایدا ئەنجامی بەچاوی وەك بانگەشەیەكە بۆ قەوارە و هاوپەیمانیەتییەكانی تر بۆ پێكهێنانی حكوومەت. 

زیا ئەسەدی، بەرپرسی مەكتەبی سیاسی رەوتی سەدر لەو بارەوە رای گەیاند كە بەو ئەنجامەی دەركەوتووە هاوپەیمانی (سائیروون) مافی ئەوەی هەیە داوای پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات، ئەگەرچی مەبەستیان ئەوە نەبووە، دووپاتی كردەوە كە چەند مەرجێكمان هەیە بۆ هاوپەیمانیكردن لەگەڵ هاوپەیمانیەتییەكانی تر و دەرگەشمان كراوەیە.

هیشام روكابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە دەڵێت، گفتوگۆكانمان بەردەوامە لەگەڵ چەند قەوارەیەكی سیاسی كە باوەڕیان بە پڕۆژەی دەوڵەتی یاسا هەیە و بریتییە لە زۆرینەی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، بۆیە ئێمە بەرێگەوەین بەرەو پێكهێنانی گەورەترین هاوپەیمانی لە پەرلەمان بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتێكی زۆرینەی سیاسی و بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆمان لەگەڵ چەند لایەنێك هەیە لەوانە لیستەكانی (فەتح) و (نەسڕ).

زیاتر گوتی، لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوو هاوپەیمانیەتییەكە پێك دێنین و تا ئێستەش گفتوگۆ لەگەڵ هێزی زیاتر دەكەین بۆ هاتنە ناو هاوپەیمانیەتییەكەمان و بۆ ئەم مەبەستە بەرووی هەمووان كراوەین و چەند هێزێكی سوننە و كورد و شیعە هەن دەیانەوێت بێنە پاڵمانەوە كە دوای تەواوبوونی گفتوگۆكان ناوەكان رادەگەیەنین.

لای خۆیەوە رائید فەهمی، سكرتێری لیژنەی ناوەندیی حزبی شیوعی عێراق و كاندید لەسەر لیستی سائیروون لەو بارەوە رای گەیاند كە هاوپەیمانیەتییەكەی بە كردەنی دەستی كردووە بە جموجۆڵەكانی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لیستەكانی (نەسڕ) و (حیكمە) و هێزەكانی كورد و سوننە بەمەبەستی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.

فەهمی لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی رای گەیاند كە لیستی (سائیروون) نزیكە لە (نەسڕ) و (حیكمە) و هاوپەیمانی بەغداد و چەند هێزێكی سەرەكیی سوننە و كورد بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو و دووپاتی كردەوە كە توانا و بواری پێكهێنانی هاوپەیمانیەتیەكی فرەوان هەیە كە لە ماوەی تەنیا چەند رۆژێكدا گەورەترین هاوپەیمانی پەرلەمانی پێك بێنین. ئەگەرچی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت رەنگە دوور بخایەنێت بەهۆی پێویستی رێككەوتن لەسەر پڕۆگرامێكی یەكگرتوو.

لەبارەی چانسی عەبادی بۆ بوونەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، فەهمی روونی كردەوەن كە (سائیروون) ژمارەیەك كاندیدی هەیە و لەوانە حەیدەر عەبادی و دووپاتی كردەوە كە كاندیدەكە گرنگ نییە بەقەد گرنگی جێبەجێگردنی پڕۆگرامی رێككەوتنی لەبارەوە دەكرێت و زیاتر گوتی، ئێستە (سائیروون) مافی پێشكەشكردنی كاندیدی خۆی هەیە بۆ سەرۆك وەزیران و ئەو بابەتەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئەو سازانەی كە روو دەدات و ئەو كات سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دیاری دەكرێت. 

سەڵاح عوبێدی، گوتەبێژ بەناوی موقتەدا سەدر لەو بارەوە رای گەیاند، (سائیروون) هیچ لایەنێك رەت ناكاتەوە و لیستی (فەتح)یش بەشداریكردنی لە حكوومەت رەت ناكەینەوە تا ئەو كاتەی لەگەڵ پڕۆگرامەكەمان بێت، روونی كردەوە كە كێشەكەمان لەگەڵ ئەو لیستانەیە كە كاندیدان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دەسەپێنن.

چاودێران لەبارەی تویتەكەی دوێنێی موقتەدا سەدر لە تویتەر دەڵێن كە پەیامێكی جەفرەدار بوو بۆ راگەیاندنی لایەنەكانی هاوپەیمانیەتییە نوێیەكەی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراق، كاتێك تەنیا باسی هەریەك لە لیستەكانی (فەتح) و (دەوڵەتی یاسا)ی نەكرد.  

رۆژنامەی (قەبەس)ی كوێتی لەو بارەوە نووسیویەتی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق شەقێكی بەهێز بوو لەلایەن عێراقییەكانەوە بۆ چینی سیاسی كە 15 ساڵە دەسەڵاتدارە لەو وڵاتە لە رێگەی هەڵبژاردنی دوو لیستی دژ بە پێكهاتەی سیاسی ئێستە و ئەوانیان هێنایە پێشەوە.

رۆژنامەكە دەڵێت، بردنەوەی رەوتی سەدر بەرجەستەی بێزاری عێراقییەكان دەكات لەو گەندەڵكارییەی حكوومەت بەدواییەكەكانی عێراق كردیان و عێراقیان گەیاندە ئاستی گەندەڵترین وڵاتانی دنیا، لەو كاتەی حزبی شیوعی كە لە هاوینی 2015 لەگەڵ سەدر نزیك بوونەوە بەیەكەوە لەدژی گەندەڵكاران چوونە سەر شەقامەكان ئەویش هاوشانی سەدرە لەو هاتنە پێشەوە.

رۆژنامەكە ئاماژە دەكات، لەدوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی لبنان كە حزبوڵای لبنانی و هاوپەیمانەكانی سەركەوتنی گەورەیان بەدەست هێنا و بوونە زۆرینەی پەرلەمانی لەو وڵاتە، عەلی ئەكبەر ویلایەتی گەورە راوێژكاری عەلی خامنەیی، رابەری شۆرشی ئێران بەدیار كەوت و رای گەیاند كە چاوەڕوانی پەیامێكی سەركەوتنی تر بن لە سندووقەكانی هەڵبژاردنی عێراقەوە. لەو كاتەی ئەوەی لە عێراق رووی دا تەواو دوور بوو لەوەی ئێران ویستی.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل