ئێوارەی ئەمڕۆ هەورەبروسكەیەكی بەهێز لە كومەڵێك سەرمەڕی دا و بەو هۆیەوە 102 سەر مەڕ مردار بوونەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 15ـی ئایار، بێوار عەبدولعەزیز بەرپرسی راگەیاندنی بەرگری شارستانی دهۆك بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێوارە ئەمڕۆ هەورەبروسكە لە كۆمەڵێك سەرمەڕی هاووڵاتییەكی دەڤەری دۆسكی لە سنووری شارەدیێ مانگشێكی سەر بە ناوەندی دهۆكی دا و بەو هۆیەوە 102 سەرمەڕ مردار بوونەوە.
ئەو بەرپرسەی بەرگری شارستانی دەڵێت، كۆی زیانەكانی رووداوەكە دەگاتە نزیكەی 25 ملیۆن دیناری عێراقی كە سەرجەم مەڕەكان مەڕی خێزانێكی شوانكار بوون لە ناوچەكە و تەنیا چەند سەرمەرێك پێش مرداربوونیان سەربڕدراون، ئەگینا هەمووان مردار بوونەتەوە.
بەپێی داتای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانی دهۆك ئەم رووداوە دەبێتە دووەم رووداوی هەورەبروسكە لە سنووری پارێزگای دهۆك و پێشتر لە سنووری شارۆكەی شێخان هاووڵاتییەك بەهۆی هەورەبروسكە گیانی لەدەست دا.
ماوەی 20 ڕۆژە لە هەرێمی كوردستان شەپۆڵێكی بارانبارین بەردەوامە و بەو هۆییەوە لە چەندان شوێن لافاو دروست بووە و تاوەكو ئێستاش شەش هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.
دهۆك/ نەوزاد هلۆری