نەوت بەرزترین نرخی تۆمار كرد

:: AM:09:08:16/05/2018 ‌

نرخی نەوت دیسان بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا و بۆ یەكەم جار لە ماوەی 42 مانگی رابردوو گەیشتە سەرووی 79 دۆلار.

دوێنێ سێشەم لە دووەم رۆژی هەفتە بازاڕی بۆڕسە نرخی نەوت بە رێژەیەكی بەرچاو هەڵكشا هەرچەندە دواتر رووی لە دابەزین كرد. دوێنێ نرخی نەوت لە نزیكەی 78 دۆلارەوە بەرز بووەوە بۆ 79 دۆلار و 42 سەنت كە دوای سێ ساڵ و نیو بۆ یەكەم جارە تۆمار دەكرێت و دواتر نەوتەكە بۆ ئاستی بەیانی دابەزی كە نزیكەی 78 دۆلار بوو.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ چوارشەمیش لە چەند سەعاتی یەكەمی بازاڕەكە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئێستە هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و 21 سەنت دەفرۆشرێت.

ئاڵۆزییەكانی فەلەستین نوێترین هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە و گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش لە هەفتەی رابردوودا بریتی بوو لە بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ كە بە فەرمی كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنی ناوكیی ئێران راگەیاند. هێشتا بازاڕ لە ژێر كاریگەریی ئەو بڕیارە لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و پێشبینی  كراوە تا 80 دۆلار بەرز ببێتەوە.

ئەوەی تا رادەیەك هۆكار بووە لە دابەزینی نرخی نەوت، پێوەندی بە دانوستانەكانی ئێران و ئەوروپا بۆ پرسی ناوكی هەیە و دەیانەوێت مكانیزمێك بۆ رێككەوتنەكە بدۆزنەوە و ئێرانیش داوا دەكات. 

جگە لە كاریگەرییەكانی كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی ئەوەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا كاریگەریی گرنگی بۆ سەر بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەبووە، ئەو رێككەوتنانە بووە كە لە لایەن وڵاتانی ئۆپێك و وڵاتانی دەرەوەی ئۆپێك لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت واژوو كراون.

گرنگترین رێككەوتن لە كۆتای 2016 واژوو كرا و دوای شەش مانگ لە ساڵی 2017شدا رێككەوتنەكە درێژ كرایەوە. پێشتر وڵاتان بە لێشاو نەوتیان دەخستە بازاڕەوە، لە كاتێكدا بازاڕ پێویستی بەو بڕە زۆرەی نەوت نەبوو و كاتێكیش ئاستی خستنەڕوو زۆر بەرزتر بوو لە ئاستی داخوازی، ئەوا نرخی نەوت رووی لە دابەزین كرد. نرخی نەوت لە كۆتای ساڵی 2015 گەیشتە 27 دۆلار كە لەو كاتەدا هەندێك وڵاتی ئەندامی ئۆپێك لە خوارووی 20 دۆلار نەوتەكانیان ساغ دەكردەوە و ئەمەش كاریگەریی زۆری بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتانە دانا.




وشە - سلێمان تاشان