له راگه‌یه‌نراوێكدا رێكخراوی یه‌سنا بۆ گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی رای گه‌یاندووه، ئه‌مڕۆ له هه‌ولێر بنكه‌ی باره‌گای ئه‌نجوومه‌نی هه‌ولێریان ده‌كرێته‌وه كه ئه‌و رێكخراوه بایه‌خ به فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی ده‌دات.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه كه وێنه‌یه‌كی به "وشه" گه‌یشتووه، بڕیاره عه‌سری ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له سه‌عات سێ و نیو، بنكه‌ی رێكخراوی یه‌سنا بۆ گه‌شه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی له عه‌نكاوه به فه‌رمی بكرێته‌وه.
شوێنی بنكه‌كه ده‌كه‌وێته نزیكی په‌یكه‌ری حه‌زره‌تی مریه‌م له عه‌نكاوه كه ئه‌وێ ده‌بێته ئه‌نجوومه‌نی هه‌ولێری رێكخراوه‌كه.
له‌وباره‌یه‌وه لالۆ ره‌نجده‌ر سه‌رپه‌رشتیاری ئه‌نجوومه‌نی هه‌ولێری رێكخراوی یه‌سنا به "وشه"ی راگه‌یاند، دوای كردنه‌وه‌ی بنكه‌كه‌مان له هه‌ولێر، هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه و هه‌موو فه‌لسه‌فه‌كانی تری دنیا كۆڕ و سیمینار رێك بخه‌ین. له‌گه‌ڵیدا بایه‌خی زۆرتر به كولتووری نه‌ته‌وه‌یی كورد ده‌ده‌ین.
زیاتر گوتی، ده‌مانه‌وێ كار له‌سه‌ر زمانی یه‌كگرتووی كورد و كه‌له‌پووره‌كانی كورد بكه‌ین. بایه‌خ پێدان به مێژووی و میتۆلۆجیاكانی نه‌ته‌وه‌ییمان كارێكی تری ئێمه‌یه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كونسوڵ و لایه‌نه سیاسی و ئاینی و مه‌ده‌نییه‌كان په‌ره پێ بده‌ین.
دواتریش لالۆ گوتی، هه‌وڵی سه‌ره‌كیمان بۆ گه‌شه‌كردنی پێوه‌ندی و ئاشته‌وایی ته‌واوی ئاینه جۆراوجۆره‌كانی كوردستانه. دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌وان جێگره‌وه‌ی هیچ ئاینێك نین، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ گه‌شه به فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتی و ته‌واوی فه‌لسه‌فه‌كانی تری دنیا بده‌ن.