ئەتلەتیكۆ مەدرید و مارسیلیا چۆن گەیشتبوونە یاریی كۆتای یوروپا لیگ

:: AM:10:19:16/05/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 9:45ی شەو بەكاتی كوردستان، هەردوو یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی و مارسیلیای فڕەنسی لە یاریی كۆتای جامی خولی ئەوروپا (یوروپا لیگ) لە شاری لیۆنی فڕەنسا رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دوای بردنەوەی لە یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یاریی چوون و هاتندا خۆی گەیاندبووە یاریی كۆتای خولەكە، یانەی مارسیلیاش بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە یانەی رێد بۆڵ ساڵزبۆڕگی نەمساوی بردبووەوە.

هەردوو یانەكە چۆن گەیشتبوونە یاریی كۆتای خولی یۆروپا لیگ؟

ئەتلەتیكۆ مەدرید

یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید دوای دەركردنی لە قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەشداری لە خولی ئەوروپا كردبوو، یانەكە لە كۆمەڵەكەیدا كە پێكهاتبوون لە یانەكانی چێڵسی ئینگلیزی و رۆمای ئیتاڵی و كاراباخی ئازەربایجانی لە ریزبەندی سێیەمی یانەكان گیرسابووەوە، هەردوو یانەی چێڵسی و رۆما سەركەوتبوون بۆ قۆناغی 16 و ئەتلەتیكۆ مەدریدیش دابەزیبوو بۆ قۆناغی 32ی خولی ئەوروپا.

لە یەكەم یاریی قۆناغی 32ی خولی یۆروپا لیگ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ لە یانەی كۆپنهاگنی دانیماڕكی بردبووەوە، دواتر لە قۆناغی 16 بە ئەنجامی 8-1 گۆڵ لە یانەی لۆكۆمۆتیفی رووسی بردبووەوە، لە قۆناغی 8 لە یاریی چوون و هاتندا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ بەرەبەستی یانەی سپۆرتینگ لیشبۆنەی پورتوگالی بڕی بوو.

لە قۆناغی پێش كۆتاشدا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە بەهێزترین یاریی خولەكەدا رووبەڕووی یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بووەوە، بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ لە یاریی چوون و هاتندا سەركەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی كۆتای خولەكە.

یانەی مارسیلیا

یانەی مارسیلیا رێگەیەكی دوور و درێژی بڕی تا گەیشتە یاریی كۆتای خولی یوروپا لیگ، لە قۆناغی پاڵاوتندا لە یاریی چوون و هاتندا بە ئەنجامی 4-2 گۆڵ لە یانەی ئۆستێندی بەلجیكی بردەوە، دواتریش بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە یانەی دۆمگالی سلۆڤینی بردەوە و خۆی گەیاندە قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی یوروپا لیگ.

لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا یانەی مارسیلیا لە كۆمەڵەی نۆیەم گیرسایەوە و بەرامبەر یانەكانی ساڵزبۆڕگی نەمساوی، كۆنیا سپۆری توركی، ڤیتۆریای یاری كرد و بە كۆكردنەوەی 8 خاڵ بە دووەمی كۆمەڵەكە دوای یانەی ساڵزبۆڕگ كە 12 خاڵی هەبوو، گەیشتە قۆناغی 32ی خولی یوروپا لیگ.

لە قۆناغی 32ی خولەكەدا یانەی مارسیلیا رووبەڕووی یانەی براگای پورتوگالی بووە و لە دوو یارییدا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ سەركەوتنی بەدەستهێنا، دواتر لە قۆناغی 16 بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ لە یانەی ئەتلەتیك بیلباوی ئیسپانی بردەوە.

لە قۆناغی 8ی خولی یۆروپا لیگ، یانەی مارسیلیا رووبەڕووی یانەی لایپزیگی ئەڵمانی بووەوە و بە ئەنجامی 5-3 گۆڵ لە یاریی چوون و هاتندا سەركەوتنی بەدەستهێنا، لە قۆناغی پێش كۆتاشدا بە ئەنجامی 3-2 گۆڵ لە یانەی ساڵزبۆڕگی بردەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م