نهێنی سەردانەكەی قاسم سولەیمانی بۆ بەغدا چییە؟

:: AM:10:30:16/05/2018 ‌

دوای شكستە گەورەكەی، ئێران لە هەوڵی تێكدانی نێوانی موقتەدا سەدر و حەیدەر عەبادییە كە هەوڵ دەدەن بەیەكەوە حكوومەت پێك بهێنن، بەمەش مالیكی لەو شكستە گەورەیە رزگار دەكات لە رێی دروستكردنەوەی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان.

قاسم سولەیمانی سەركردەی سوپای قودس بە سەردانێكی رانەگەیەنراو دوێنێ سێشەم 15ی ئایار گەیشتە بەغدا، سەردانەكە لە كاتێكدا بوو پێشتر برێت مەكگۆڕك نێردەی تایبەتی ئەمەریكا سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردبوو.

دیوێكی تری سەردانەكە پێوەندارە بەو شكستە گەورەیەی ئێران لەم هەڵبژاردنەی عێراق بەری كەوت كاتێك موقتەدا زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا و مالیكی كەمترین دەنگی بەدەستهێنا.

لەم سەردانەدا ئێران دەیەوێت جارێكی تر باڵادەستی خۆی بەسەر عێراق بسەپێنێت، ئەویش لە رێی رازیكردنی لایەنە سیاسییە شیعییەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان و لەباربردنی هەوڵەكانی سەدر بۆ پێكێهنانی حكوومەتی نوێ.

پڕۆژەی ئێران لای هەمووان روون و ئاشكرایە و دەیەوێت لایەنە شیعەكان لە دەوری مالیكی و عامری كۆ بكاتەوە بە مەبەستی پێكهێنانی قەوارەیەكی بەهێز و زۆرینەی ناو پەرلەمانی تا رێ لە موقتەدا سەدر بگرێت حكوومەت پێك بهێنێت.

بەسەرپەرشتی راوێژكارانی ئێرانی و ئامادەبوونی قاسم سولێمانی لە بەغدا، دوو كۆبوونەوە بەڕێوە چوو. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن پڕۆژەی ئێرانی هەوڵی رێكخستنەوەی هەردوو باڵی حزبی دەعوەیە كە لیستی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی و لیستی هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی، پاشان بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری و رەوتی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەماڕ حەكیم و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

ئەگەر ئەو پڕۆژەیەی ئێران سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوا هاوپەیمانی سائیرون كە زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە پێكهێنانی حكوومەت دوور دەخرێتەوە، وەك چۆن لە هەڵبژاردنی 2010 لیستی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا بەڵام لیستە شیعەكان لەناو پەرلەمان هاوپەیمانی نیشتمانیان پێكهێنا و حكوومەتیان لە ئەیاد عەلاوی سەندەوە.

دیوێكی تری مەترسیداری سەركەوتنی پڕۆژەی ئێرانی داڕمانی هیوای عێراقییەكانە بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وڵات كە وادەكات حكوومەت متمانەی لای خەڵك نەمێنێت.

چەند سەرچاوەیەك كە قسەیان بۆ "عەرەب" كردووە، باس لە ئامادەكارییەكانی رەوتی سەدر دەكەن بۆ پێشكەشكردنی كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

بەڵام موقتەدا سەدر پێش هەڵبژاردن رای گەیاندبوو ئامادەن پشتگیری لە دووبارە كاندیدبوونەوەی عەبادی بكەن بە مەرج، بێ ئەوەی باسی مەرجەكان بكات.

ئەگەرچی هێشتا سەدر لەو هەڵوێستەی پاشگەز نەبووەتەوە، بەڵام رۆژێك پێش هەڵبژاردن قسە لەسەر ئەوە هەبوو عەلی دوای پارێزگاری میسان بكاتە كاندید بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ئەگەر سائیرون دەنگی پێویستی هێنا. دوای هەڵبژاردن گوتەبێژی سەدر رای گەیاند كە عەلی دوای كاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

گوتەبێژی سەدر ئاماژەی بەوەش دا كە هاوپەیمانی سائیرون ئامادەن دەستبەرداری پۆستی سەرۆك وەزیران بن ئەگەر ئەو كەسەی دەبێتە سەرۆك وەزیران پابەندی كارنامەی حكوومەت بێت. گوتی "پێشكەشكردنی دوای بەڵگەیە لەسەر ئەوەی سائیرون كاندیدی هەیە بۆ هەموو پۆ پۆستەكان، بەڵام سەدر پشتگیری لە دوای دەكات.

دوای جەنگی ئەمەریكا دژ بە عێراق لە 2003، تا ئێستەشی لەگەڵ بێت واشنتن و تاران و نەجەف رۆڵیان هەیە لە دانانی سەرۆك وەزیران.

سایمون تسدال شیكەرەوەی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە رۆژنامەی گاردیان دەڵێ، سەركەوتنی سەدر زیان بوو بۆ ئەمەریكا، بەڵام شكستێكی گەورە بوو بۆ تاران. لاوازی توانای عەبادی گورزێك بوو بەر هەژوونی ئەمەریكا لە عێراق كەوت. گوتی "بەڵام بۆ ئێران شتكستێكی گەورە بوو، چونكە سەدر باوەڕی بەوە هەیە دەبێت عێراقییەكان خۆیان حوكمی خۆیان بكەن نەك واشنتن و ئێران".

چاودێران لە بەغدا دەڵێن دەستوەردانی ئێران لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو، رەنگە چانسی عەبادی زیاتر بكات بەوەی سەدر پشتگیری لێ بكات تا دووبارە بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران. خاڵێكی تری گرنگ ئەوەیە ئەگەر سیستانی مەرجەعیەتی باڵای عێراقی پشتگیری لە هەڵوێستی خۆی بكات كە بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئێرانە، هەروەها سەدریش لەسەر دروشمی چوونە دەرەوەی ئێران لە عێراق پێداگیر بێت، ئەوا پێ ناچێت سولەیمانی لەم سەردانەیدا بتوانێت دەستكەوتێكی هەبێت.

چاودێرێكی سیاسی عێراقی نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت قسەی بۆ "عەرەب" كردووە، دەڵێ ئێران لەو پێگەیە نییە بتوانێت پڕۆژەكانی بە ویستی خۆی بباتە پێشەوە و كەسێكی نزیك لە خۆی بكاتە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، جگە لە رەوشی ناوخۆی عێراق، ئەوا هاوكێشە نێودەوڵەتییەكەش لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە.

زیاتر گوتی "هەوڵی یەكەمی سولەیمانی تێكدانی نێوانی سەدر و عەبادییە ئینجا لەوێوە دەتوانێت جولەی داهاتوو بكات بۆ دەستنیشانكردنی كەسایەتییەك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، چونكە لەگەڵ زیاتر بوونی گوشارە نێودەوڵەتییەكان بەسەر ئێران لە پرسی دۆسیەی ناوەكی و سووریا و لبنان و یەمەن، ئەوا دۆسیەی عێراق بۆ ئێران وەك مردن و ژین وایە".

موقتەدا سەدر كە لە خێزانی یەكێك لە مەرجەعە ئاینییەكانی عێراقە، بە تویتێك پێش هەوڵ و دەستوەردانی ئێران كەوت كاتێك رای گەیاند جگە لە هەردوو لیستی فەتح و دەوڵەتی یاسا، ئەوا دەرگا كراوەیە بۆ بەستنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هێزە براوەكانی تر.

سەرچاوە شیعەكان دەڵێن موقتەدا سەدر هیچ هەنگاوێك بێ هاوئاهەنگی و راوێژ لەگەڵ سیستانی مەرجەعی باڵای عێراق هەڵناگرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئێران لە عێراق، ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن دواجار سەدر رازی بێت بە مانەوەی عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی كابینەیەكی تەكنۆكرات، بەڵام دەیخاتە ژێر زنجیرەیەك پەیماننامە.

چاودێرێكی عێراق دەڵێ بێگومان عەبادی دەكەوێتە ژێر پاڵەپەستۆیەكی گەورە لەپێناو مانەوەی لە پۆستەكەی بە رێككەوتن لەگەڵ سەدر، بەڵام ئێرانییەكانیش دەستەوەستان ناوەستن و دەیانەوێت لە عێراق پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكییەكان هێور بكەنەوە بۆ ئەوەی رۆڵیان هەبێت لە پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو.

ئەو چاودێرە گوتی "دەرئەنجامەكان ئێرانی تووشی شۆك كردووە، بۆیە بژاردەكانی بەردەمی زۆر نین و هەموو هەوڵەكانیشیان بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ماڵی شیعە بێ ئەنجام دەبێت، چونكە بەشێكی زۆری سەركردە شیعەكانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە دەبێت حكوومەتێكی مەدەنی پێك بهێنن دوو لە پشك پشكێنەی تایفەگەری، ئەمەش دژی خواستی ئێرانە كە دەیەوێت تایفەگەری لە عێراق زیاتر ریشەی داكوتێ‌".




وشە - فه‌رمان سادق