بارزانی له‌ ده‌رگایه‌كی گه‌وره‌تره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌


ڕۆژی 24ی مانگی داهاتوو، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ، بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌لایه‌ك هاوپه‌یمانی گه‌ل له‌لایه‌ن پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغان و پارتی نه‌ته‌وه‌په‌رستی توركیا "مه‌هه‌په‌" دروست كراوه‌، له‌لایه‌كی تریش هاوپه‌یمانی ئۆپۆزسیۆن له‌ پارتی گه‌لی كۆماری و حزبی ئیسلامی و دیموكراسییه‌كانی توركیا پێكهاتوون، سێیه‌م هاوپه‌یمانیش كه‌ تا ئاستێك دروست بووه‌، گردبوونه‌وه‌ی ته‌واوی حزب و ڕه‌وته‌ سیاسییه‌كانی كورده‌ له‌ توركیا له‌ژێر چه‌ترێك دا، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر بڕیار و ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی هاتووه‌ته‌ كایه‌وه‌.

حزبه‌ كوردییه‌كانی توركیا هاوپه‌یمانی كوردستانیان ڕاگه‌یاندووه‌، ئامانجیان ته‌نیا سه‌ركه‌وتن نییه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن، به‌ڵكو هه‌نگاوی یه‌كه‌مه‌ بۆ یه‌كخستنی ڕیزه‌كانی كورد له‌ توركیا و دواتریش دروستكردنی یه‌كڕیزییه‌ له‌ نێوان كورده‌كانی توركیا و عێراق و سووریا و ئێران، بۆیه‌ هه‌ریه‌ك له‌ حزبی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، پارتی سۆسیالستی كوردستان، پارتی دیموكراتی و ئازادی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا، پارتی دیموكراتی گه‌لان "هه‌ده‌په‌" له‌ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌دان.

له‌ یه‌كه‌م تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ كوردییه‌دا، له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی ژووری بازرگانی ئامه‌د كه‌ مانگی رابردوو به‌ڕێوه‌ چوو، توانیان به‌سه‌ر پارته‌كه‌ی ئه‌ردۆغاندا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن. 

ئیمام تاتشه‌ر سه‌ركرده‌ له‌ پارتی هه‌ده‌په‌، گوتی، هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ژووری بازرگانی ئامه‌د و سه‌ركه‌وتنی كوردان وای كرد وێنای سه‌ركه‌وتنی زیاتر و گه‌یشتنی كورد به‌ خه‌ون و ئامانجه‌كانمان بكه‌ین ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ كار بكه‌ین، به‌شدارانی كورد وه‌ك هاوپه‌یمانییه‌كی به‌هێز له‌ هه‌ڵبژاردنی توركیادا كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزی بۆ سه‌ر پێگه‌ی كورد له‌ وڵاته‌كه‌دا ده‌بێت. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ مه‌سعوود ته‌ك سه‌ركرده‌ی حزبی سۆسیالستی كوردستان به‌ پێگه‌ی ئه‌لمۆنیتۆری ئه‌مه‌ریكی ڕاگه‌یاند، له‌ ڕێی ئه‌م هاوپه‌یمانیه‌ته‌ ده‌یسه‌لمێنین كه‌ كورد نابێت پشتگوێ بخرێت و هێزی پێكه‌وه‌بوونمان نیشانیان ده‌ده‌ین. 

به‌گوێره‌ی ڕاپرسییه‌ك ڕێژه‌ی 4%ی كورد ده‌نگی به‌ حزبی AKP له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2015 داوه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كاره‌كان گۆڕاون و كورد هاوپه‌یمانێتییه‌كی به‌هێزی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌یه‌، بۆیه‌ ته‌واوی كورده‌كانی توركیا ده‌نگ به‌ هاوپه‌یمانییه‌ كوردستانییه‌كه‌ ده‌ده‌ن.
مه‌سعوود ته‌ك له‌ لێدوانێكه‌یدا ڕای گه‌یاند، كورد له‌ 20%ی ده‌نگی هه‌موو توركیا پێك دێنن، ئێسته‌یش هه‌مووان له‌ناو هاوپه‌یمانێتی كوردانین، بیرۆكه‌ی دروستبوونی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ش له‌ نێوان حزبه‌ كوردییه‌كانی توركیا، له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ كراوه‌ و پێشتر بڕیاربوو له‌گه‌ڵ سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش تاوتوێی بكه‌ن، به‌ڵام پاش گرتنی ده‌میرتاش، له‌ مانگی ڕابردوو په‌روین بوڵدان سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ بارزانی كۆبووه‌وه‌، تا ڕاسپارده‌كانی بارزانی بۆ پێكهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ وه‌ربگرێت.

ئامانجی ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ ته‌نیا له‌ توركیا نییه‌، به‌ڵكو بۆ یه‌كخستنی ناوماڵی كورده‌ له‌ توركیا و ئێران و عێراق و سووریا و دواتریش یه‌كێتی نێوان سه‌رجه‌م كورد، ئه‌مه‌یش پرۆژه‌كه‌یه‌ و ناوی یه‌كێتیی نه‌ته‌وه‌یی كوردانی لێ نراوه‌، ئامانجی سه‌ره‌كی ناساندنی ده‌نگی كورد و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كورده‌ له‌ ناوچه‌كه‌. 

ئیمام تاتشه‌ر گوتی، له‌ بنه‌ڕه‌تدا گرفتێك له‌ عه‌فرین هه‌بێ له‌گه‌ڵ ئامه‌د و هه‌ولێر و مه‌هاباد جیاوازیی نییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ یه‌كێتی كوردان دروست ببێ.

سەرچاوە_al-monitor


وشە - په‌یام محه‌مه‌د


AM:10:34:16/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 45916 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌