ناوی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق ئاشكرا كرا

:: AM:11:51:16/05/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی سعوودی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، دوای ئەنجامەكان هاوپەیمانیەتیی نێوان قەوارەكان بە پەلە ساز دەكرێ، هەریەك لە عەبادی و عەلی دەوای پارێزگای میسان، بەهێزترین دوو كاندیدن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

ڕۆژنامەی "عوكاز" لە ڕاپۆرتەكە نووسیویەتی، عێراقییەكان داوا دەكەن هاوپەیمانی لە نێوان ئەو لایەنانە پێك بهێنرێ كە سەركەوتوو بوون لە هەڵبژاردن، تا حكوومەتی داهاتوویش ئەوان پێكی بهێنن، دانوستاندنەكان بۆ دامەزراندنی حكوومەتی نوێ كارێكی ئاسان نابێ و تەواو ئاڵۆز، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان پێچەوانەوەی پێشبینییەكان بوون، لەلایەكی ترەوە گرژییەكانی نێوان واشنتن و تاران زیاتر بووە، دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی، كە هەردوو وڵات كاریگەریان بەسەر عێراقەوە هەیە.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكە هاتووە، گومانی تێدا نییە، هاوپەیمانی و ڕێككەوتنی ژێربەژێری لایەنەكان سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق دیاری دەكات، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر موقتەدا سەدر لە تویتێكدا دووپاتی لەوە كردەوە، كە هاوپەیمانی داهاتووی لەگەڵ فەتح و دەوڵەتی یاسا و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نابێ، ئەمەیش مەیل و ویستی سەدری بە تەواوی ڕوون كردەوە، سەرەڕای ئەوەی سەدر لەگەڵ پێكهێنانی حكوومەتێكی بنكەفرەوان و سازانییە.

میدیاكان بڵاویان كردەوە، هەریەك لە دەوڵەتی یاسا و فەتح و وەتەنییە دەستیان بە گفتوگۆ كردووە و چاوەڕوانی فڕاكسیۆنی چوارەمن تا لەگەڵیان بێتە ناو هاوپەیمانی و گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان دروست بكەن، هاوپەیمانی سائیروون كە لە بەرەی سەدر و شیوعییەكان پێكهاتووە، براوەی یەكەمن و مافی ئەوەیان هەیە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دیاری بكەن، ئەگەر بەر لە دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان گەورەترین هاوپەیمانی دروست بكەن، بۆ ئەوەی هەمان چارەنووسی ئەیاد عەلاوییان بەسەردا دووبارە نەبێتەوە كە لە 2010 بەسەری لیستی عێراقییە هێنرا.

لەبارەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراقیش "عوكاز" نووسیویەتی، عەبادی باشترین چانسی هەبوو دووبارە پۆستەكە وەربگرێتەوە، بەڵام نەهێنانی دەنگی پێویست و بەدەستهێنانی ڕیزبەندی پێنجەم لە بەغدا و سێیەم لەسەر ئاستی عێراق، ئەو چانسەی كەم كردووەتەوە، بۆیە تاكە چانس لە بەردەم عەبادی مابێتەوە، دروستكردنی هاوپەیمانییە لەگەڵ سەدر، بەڵام ئەمەیش ڕوون نییە كە سەدر ددان بە عەبادی و سیاسەتەكانی لە ناوخۆ و دەرەوە دەنێتەوە تا پشتیوانی بكات، یان چۆن بیر لەوە دەكاتەوە.

لە بەشێكی تردا هاتووە، یەكێك لەو كەسانەی پێش دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش لەلایەن سەدەرەوە پێشنیاز كرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بریتییە لە "عەلی دەوای" كە ئێستە پارێزگاری میسانە، ئەگەر بەرەی حیكمەی عەماڕ حەكیم و سەدریش هاوپەیمانی ببەستن، ئەوا كاندیدی حیكمە عەبدولحوسێن عەبتان وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق دەبێ.

لایەنێكی تری هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دروستكردنی گەورەترین هاوپەیمانییە لەلایەن عامری و مالیكی لەگەڵ فراكسیۆنە سونییەكان و بەشێك لە حزبەكانی كوردستان و پەستان خستنەسەر هاوپەیمانی نەسری عەبادیشە بۆ چوونە پاڵ ئەو هاوپەیمانییە، تا مالیكی یان عامری بكەن بە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، بەڵام ئەوەیان لە مەحاڵەوە نزیكە و كەمترین ئومێدی دروستبوونی هەیە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د