ئەڵمانیا بۆ مۆندیالی 2022ش راهێنەری هەڵبژاردەكەی دیاری كرد


یەكەتیی تۆپی پێی ئەڵمانیا راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەڕیش دیاری كرد.

یەكەتییەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، گرێبەستی یواكیم لۆفی راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی ئەڵمانیایان بۆ مۆندیالی 2022ی قەتەڕیش نوێ كردەوە.

ئەمە لە كاتێكدابوو كە گرێبەستەكەی لۆف لە هاوینی 2020 تەواو دەبوو، یەكەتییەكە متمانەی بەو راهێنەرە بەخشییەوە تا مۆندیالی 2022.

لۆف توانیبووی مۆندیالی 2014ی بەڕازیل بۆ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەدەست بێنێ دوای ئەوەی لە یاریی كۆتاییدا بە گۆڵێكی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردبووەوە.

رۆژنامەكانی ئەڵمانیا ئاشكرایان كرد، لۆف لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا تا مۆندیالی 2022 بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەگەر لە مۆندیالی 2018ی رووسیا نەیتوانی پارێزگاری لە ناسناوەكە بكات.

جێی باسە لۆف دوێنێ سێشەم پێكهاتەی سەرەتایی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا راگەیاند كە لە 27 یاریزان پێكهاتووە، بڕیاریشیدا تا رۆژی 4ی مانگی داهاتوو ناوی 3 یاریزان رەش بكاتەوە و بەفەرمی 23 یاریزان بۆ پاڵەوانیەتییەكە بانگهێشت بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


PM:12:13:16/05/2018




ئه‌م بابه‌ته 226 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌